کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆمارکردنی ١١٧ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە مانگی خەزەڵوەردا

18:23 - 3 سەرماوەز 2724

هەواڵدەریی هێرانا لە ڕاپۆرتێکدا پەرژاوەتە سەر حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران لەلایەن ڕێژیمەوە کە لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا ڕوویان داوە.

ئەم پێشێلکارییانە جۆرەکانی وەک پێشێلکردنی مافی بەندکراوان، ئازادیی ڕادەربڕین، مافی خوێندن، مافی منداڵ، توندوتیژیی بنەماڵەیی، توندوتیژیی ڕەگەزی، بێهداشت و ژینگە، مافی کار و توندوتیژیی نیزامی و دادوەری لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە مانگی خەزەڵوەر لە خۆ دەگرێت.

هێرانا ڕایگەیاندووە کە لە خەزەڵوەری ئەمساڵدا، ١١٧ حاڵەت تۆمار کراوە کە ١٣٣ حاڵەتی جێبەجێکرانی سزا، یەک حاڵەتی لەسێدارەدان لەپێش چاوی خەڵکەوە، ٢٤ حاڵەتی مەحکوومکردن و ٧ حاڵەتی پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدان لە خۆ دەگرێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لە خەزەڵوەری ئەمساڵدا، ٩٠ حاڵەتی پێشێلکردنی ئازادیی ڕادەربڕین تۆمار کراوە کە ٤٠ حاڵەتی دەسبەسەرکردن، دوو هەزار و ١٣٧ مانگ بەندکران، لێدانی ٧٤ قامچی و ٩٠٦ میلیۆن تمەن سزای نەختی بۆ ٤٢ هاووڵاتی، ١٢ حاڵەتی جێبەجێکرانی سزا، ٥ حاڵەتی بەتاوانبارناسینی گۆڤار، ٨٤ حاڵەتی بانگکران بۆ ناوەندە بەناو دادوەرییەکان، ١٧ حاڵەتی لێپرسینەوە، دوو حاڵەتی پشکنینی ماڵ و دادگاییکردنی ٣٠ کەس بووە.

ئەم هەواڵدەرییە ڕایگەیاندووە کە لەم مانگەدا ١٠٦ حاڵەتی پێشێلکرانی ماف سەبارەت بەندکراوان و ١٥ حاڵەتی پێشێلکران سەبارەت بە کەمینەکان لەوانە یەک حاڵەتی دەسبەسەرکران و ٢٩٤ مانگ دەسبەسەرکران بۆ ٥ کەس تۆمار کراوە.

لەم ڕاپۆرتەدا ١٥ حاڵەتی پێشێلکرانی ئازادیی مەزهەب، ١٤ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی خوێندن، ١٠٣ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی منداڵ لەوانە یەک حاڵەتی دەستدرێژی، سێ حاڵەتی کوشتنی منداڵ، یەک حاڵەتی مردنی منداڵ بە هۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسان، برینداربوونی  ٤٣ منداڵ بە هۆی کەمتەرخەمیی منداڵانی کار، چوار حاڵەتی خۆکوژی و یەک حاڵەتی دەسبەسەرکران تۆمار کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە مانگی خەزەڵوەردا، یەک حاڵەتی مەرگی کۆڵبەران، ٧ حاڵەتی برینداربوونی کۆڵبەران، چوار حاڵەتی مەرگ و ٨ حاڵەتی برینداربوونی سووتەمەنیبەران تۆمار کراوە.

ئەم ڕاپۆرتە بە فۆکۆس خستنەسەر گۆڕانکاری و دۆخی مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامیدا لە ساڵی ڕابردوو، دۆخی مافی ژنان، ئازادیی ڕادەربڕین و ئەمنییەتی ڕۆژنامەوانان، دۆخی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ و بنەماڵەکانیانی نالەبار ناو برد و کەڵکوەرگرتن لە سزای لەسێدارەدان لە ئێرانی بە توندی مەحکووم کرد.