ناکۆکییەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە سایەی هەڵبژاردنەوەی ترامپدا
حەسەن قارەمانی
هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترامپ بۆ جاری دووهەم بە مانای قۆناغێکی نوێ لە ستراتیژیی "ئەوپەڕی زەخت" بۆ لاوازکردنی توانا سەربازی و ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دێت. ترامپ لە دەوری یەکەمی سەرکۆمارییەکەیدا بە سەپاندنی سزای توند بە سەر ئێراندا، دابڕاندنی ئابووریی ئەو وڵاتە لە ئابووریی جیهانی و پێشگرتن بە پێشکەوتنی ئێران لە بەرنامە ئەتۆمییەکانی بەرەنگاری کۆماری ئیسلامی بۆوە. هەر لەو قۆناغەدا ئەمریکای تڕامپ پاڵپشتی خۆی بۆ ئیسرائیل بەهێزتر کرد و قودسی وەک پایتەختی ئەو وڵاتە بەفەرمی ناسی و باڵوێزخانەکەی بۆ ئەوێ ڕاگواست.
هەڵبژێرانەوەی دۆناڵد ترامپ بۆ دەوری دووهەم لەگەڵ کاردانەوەی جۆراوجۆر، چ لە ئەمریکا و چ لە لە ئاستی جیهانیدا بەرەوڕوو بۆتەوە و باس لە زۆر ئەگەر و ئەمما لە بەڕێوەبەرایەتیی نوێی ئەمریکادا دەکەن. جاری پێشوو ترەمپ لە دەسەڵاتدا بە داڕشتنەوەی ڕیشەیی سیاسەتی ئەمریکا پێبەند بوو کە تیایدا گۆڕانکاری لە هەردوو نۆرمەکانی سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەوەدا کرد. بەو شێوازە ڕاشکاوانە و زۆرجار بە جدی ئاڵەنگاریی بۆ دامەزراوەکان دروست دەکرد، هاوپەیمانییە جیهانییەکانی دەخستە ژێر پرسیارەوە و ڕێوشوێنی ئابووریی وەهای دەگرتە بەر کە بازاڕەکانی دەهەژاند و بەگژ سیاسەتە بازرگانییە تەقلیدییەکاندا دەچۆوە کە پێدەچێت لە خولی دووەمیشدا، دۆناڵد ترامپ هەر لەسەر ئەم ڕێبازە بەردەوام بێت، بەڵام بە ئیرادەیەکی زیاترەوە.
لە ڕووی ئابوورییەوە، بەردەوامیی چاوەڕوانکراوی دۆناڵد ترامپ لە شەڕە بازرگانییەکان، باج و نەتەوەخوازی دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاریی گەورە بۆ بازاڕە جیهانییەکان و مەترسییەکانی ململانێ بازرگانییەکان زیاتر دەکات. بەم شێوەیە، سەرکۆماریی دۆناڵد ترامپ هەم دەرفەت و هەم مەترسیی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتوە کە لێکەوتەی بەرچاوی بۆ ئەمریکا و بۆ داهاتووی ئابووری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش دەبێت.
پێوەندیدار بە ئێران، تڕامپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا لە ڕێککەوتنی بەرجام هاتەدەرێ و سزای ئابووری توندی بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەپاند و هەڵبژێرانەوەی دووبارەی دەکرێ بە مانای قووڵبوونەوەی ئەو ململانێ و گرژییانە دابندرێت. ستراتیژیی ئەوپەڕی زەخت بەرانبەر ئێران و پاڵپشتیی بەهێز لە ئیسرائیل هۆکارگەلێکن کە دەکرێت لەسۆنگەی ئەوانەوە بەمجۆرە باس لە دینامیکی ئەمنی، ئابووری و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین:
پاشخانی مێژوویی دۆناڵد ترامپ و ئێران و ڕێککەوتنی بەرجام
مەبەست و ئامانجی تڕامپ لە کشانەوە لە ڕێککەوتنی بەرجام (٢٠١٨) سنووردارکردنی ئێران لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بوو، ئەویش لە ڕێگای هێڵێکی توندی سزادان، گەمارۆ و سنووردارکردنی گشتگیرەوە. ئەم گەمارۆیانە ئێرانی لە بازاڕی دارایی جیهانی دابڕاند، هەناردەی نەوتی سنووردار کرد و گوشاری ئابووریی بەرچاوی لەسەر ئەو وڵاتە دروست کرد. ئامانجێکی دیکەی ئەمریکا لەو ستراتیژییە بریتی بوو لە لاوازکردنی توانا سەربازییەکانی ئێران لە هەمان کاتدا ڕێگریکردن لە پاڵپشتیکردنی میلیشێا و هێزە نیابەتییەکانی وەک حیزبوڵڵا، یاخیبووانی حوسی لە یەمەن و میلیشیاکانی دیکەی لە غەززە و عێڕاق کە هەمیشە بە هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل سەیر کراون.
کاریگەرییەکانی سیاسەتی ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ستراتیژیی سیاسەتی ئەمنییەتیی خولی دووەمی دۆناڵد ترامپ پێدەچێت گرنگیدانێکی قووڵتر بە بەرەنگاربوونەوەی هێزە نیابەتییەکان ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێت. ئەم گرووپانە کە پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئێران هەیە و وەک چەکی درێژکراوەی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا کار دەکەن، بە هەڕەشە بۆ هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئیسرائیل دادەنرێن. پێدەچێت ستراتیژیی کابینەی دووهەمی ترامپ بریتی بێت لە بەردەوامبوون یان زیادکردنی گوشارە ئابووری و سەربازییەکان بۆ سەر ئێران، هەروەها گرتنەبەری ڕێوشوێنی ستراتیژی بە ئامانجی لاوازکردنی ئەو وڵاتە لە ڕێگەی لێدان و هەڵتەکاندنی ئەم هێزە نیابەتییانە. لە پراکتیکدا ستراتیژییەی لەم شێوەیە دەتوانێت بریتی بێت لە زیادکردنی سزاکان، چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکان و تەنانەت کردەوەی سەربازی دژی سەرکردەکان یان ژێرخانی پەیوەست بەو گرووپانە. ئیدارەی ترامپ بە گرنگیدان بە سنووردارکردنی توانای ئێران بۆ پاڵپشتی و تەیارکردنی هێزە نیابەتییەکانی، هیوادارە کاریگەریی ئەم وڵاتە لەسەر سیاسەتی ئەمنییەتیی ناوچەکە کەم بکاتەوە. گرینگیەکی تایبەت ڕاگرتنی ڕادەستکردنی چەک و پاڵپشتییە داراییەکان بۆ گرووپەکانی وەک حیزبوڵڵایە کە ڕۆڵێکی چارەنووسساز لە کاریگەریی ئێران لە لوبناندا دەگێڕێ و هەڕەشەی ڕاستەوخۆش بۆ ئیسرائیل دروست دەکەن.
کاریگەرییە ئابوورییەکانی
سزاکانی ترامپ دژی ئێران لێکەوتەی ئابووریی بەرچاوی هەبووە، نەک هەر بۆ خودی ئێران بەڵکوو بۆ هاوپەیمانەکانی و تەواوی ناوچەکەش. ئیدارەی ترامپ بە دووبارە سەپاندنەوە و بەهێزکردنی سزاکان دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی بەرجام ( ٢٠١٨) ئامانجی کەمکردنەوە لە داهاتی نەوت و گازی ئێران بوو کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی ئابووریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە. ئەم گەمارۆیانە بوونە هۆی دابەزینی بەرچاوی هەناردەی نەوتی خاوی ئێران و کێشەی زۆر گەورەی بۆ بودجەی وڵات دروست کرد و کارتێکەریی زۆری لە هەڵاوسانی بەرز و ناسەقامگیری ئابووریی ئێراندا گێڕا. ئەمە بۆ خەڵکی ئێران بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتن بە هەردوو کەلوپەلی ڕۆژانە و دەرمانی گرینگ، کە بووەتە هۆی زیادبوونی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و بەگژداچوونەوەی نیزامی سیاسیی وڵات. بۆ هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئێرانیش، وەک حیزبوڵڵا لە لوبنان و گرووپە میلیشیا جۆراوجۆرەکان لە عێراق و سووریە و فەلەستین، گەمارۆکان بە مانای قەیرانی ئابووری بۆ ئەوانیشە؛ چونکی ئەم گرووپانە تا ڕادەیەکی زۆر پشتیان بە بودجە و پشتیوانیی ئێران بەستوە.
لەسەر ئاستی جیهانییش، سزاکان کاریگەرییان لەسەر بازاڕەکانی وزە هەیە، بەو پێیەی کەمبوونەوەی ڕادەستکردنی نەوتی ئێران کاریگەریی لەسەر دابینکردنی نەوت و بەمەش نرخی نەوتی خاو هەیە. گەمارۆکان دەبنە هۆی ئەوەی چەند وڵاتێک بەتایبەتی لە ئاسیا پێویستییان بە دۆزینەوەی دابینکەری وزەی بەدیل هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و زیادبوونی کێبڕکێ لەسەر سەرچاوە نەوتییەکان. لە هەمان کاتدا ئەمریکا سوودی لەوە وەرگرتوە بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی و بوون بە فاکتەری گرنگتر لە بازاڕی وزەدا.
ئاسۆی پەیوەندیی دیپلۆماسی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی
ئەگەر ئەم ستراتیژییه بۆ خولی دووەم بەردەوم بێت، گرژیی پێوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران زیاتر دەبن و ئەوەش کار دەکاتە سەر پێوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانە ئورووپاییەکانی. هەوڵی تاکلایەنەی دۆناڵد ترامپ لە قۆناغی یەکەمی سەرکۆمارییەکەیدا تا ڕادەیەک ئەمریکای بەهێزتر کرد و بووە هۆی باشكردنی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ هەندێک لە وڵاتانی کەنداو وەک ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و سعودیە، کە ئەوانیش ئێران بە هەڕەشە بۆ سەر خۆیان دەبینن. بۆ ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام ڕەنگدانەوەی ئەم پێکهاتە نوێیەی هاوپەیمانێتییە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و نیشان دەدات کە چۆن هەوڵی دوولایەنەی دۆناڵد ترامپ کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانی ناوچەکە هەبووە.
ئەنجام:
خولی دووەم بۆ دۆناڵد ترامپ بە مانای قووڵبوونەوەی ئەو ململانێ و گرژییانە دەبێت کە تایبەتمەندیی خولی یەکەمی ترامپ بوون. دەوری دووهەمی سەرۆکایەتیی ترامپ دەتوانێت ئاڵنگاریی ئابووری هەم بۆ ئێران و هەم بۆ ناوچەکە بەگشتی بهێنێتە ئاراوە. سزاکانی ترامپ پێشتر کاریگەریی وێرانکەریان لەسەر ئابووری ئێران هەبووە و بووەتە هۆی هەڵاوسانی بەرز و لاوازبوونی تمەن و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ ئێران بۆ هەناردەکردنی نەوت. بەڵام گوشاره ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران دەتوانێت ئاکامێکی پێشبینینەکراویشی هەبێت، وەک زیادبوونی گرژییه نێوخۆیییەکان و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەدژی کۆماری ئیسلامی.