ڕۆژی یەکشەممە ٤ی سەرماوەز، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆمیتەی ئاڵمان، لە درێژەی کار و چالاکییەکانی خۆیدا و بەبۆنەی ٢٥ی نوامبر، ڕۆژی جیھانیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژی دژ بە ژنان، سێمینارێکی بەڕێوە برد.
سێمینارەکە بە سروودی ئەی ڕەقیب و خوڵەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەھیدانی ڕێگای ئازادی و بە تایبەت شەھیدانی شۆڕشی ژینا دەستی پێ کرد.
لە بڕگەی یەکەمی سێمینارەکەدا، مێژووی ٢٥ی نوامبر، لەلایەن نەرمین عوسمانی ئەندامی بەڕێوەبەریی یەکیەتی ژنان لە کۆمیتەی ئاڵمان پێشکەشی ئامادەبووان کرا. پاشان پەیامی کۆمیتەی ئاڵمانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە لەلایەن بەھار حوسێنی، ئەندامی کۆمیتەی ئاڵمانی حیزبی دێموکرات خوێندرایەوە.
پاشان ئیلھام چایچی، بەرپرسی کۆمیتەی ئاڵمانی یەکیەتی ژنان، بابەتەکەی لەژێر ناوی توندوتیژی لە ڕاگەیەندراوەکانی کۆماری ئیسلامیدا پێشکەشی بەشداربووان کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەی سێمینارەکەدا سۆما بەراری و تەیموور وەیسی بە پارچە مۆسیقایەکی ناوچەی کرماشان، سێمینارەکەیان ڕازاندەوە. ھەروەھا لەلایەن بەھار حوسێنییەوە پارچە شێعرێک لەژێر ناوی تۆوی سنەوبەر پێشکەشی بەشداربووان کرا.
بڕگەی کۆتایی سێمینارەکە تەرخان کرابوو بە جۆرەکانی توندوتیژی کە لەلایەن شەھین مورتەزازادە، ئەندامی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی ئاڵمانی یەکیەتیی ژنانەوە پێشکەش کرا.