ده‌زگای دادوه‌ریی ڕێژیم له ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکه‌م ١٤ به‌ندکراوی له به‌ندیخانه‌کانی ئێران‌دا له سێداره داوه و سزای له‌سێداره‌ی بۆ حەوت به‌ندکراوی دیکه له‌وانه دوو به‌ندکراوی سیاسی ده‌ر کردووه.
به‌پێی ڕاپۆرتی ناوه‌نده مافی مرۆییه‌کان، ده‌زگای دادوه‌ریی ڕێژیم به ده‌رکردن و جێبه‌جێکردنی سزای له‌سێداره‌دان خۆی هه‌روه‌ها به‌رده‌وامه و ڕۆژانه گیانی ده‌یان که‌س ده‌ستێنن.
له دوایین ڕاپۆرتی که‌مپه‌ینی چالاکانی به‌لووچدا هه‌واڵی له‌سێداره‌دانی دوو به‌ندکراوی پیاو یه‌کیان به ناوی نادرغهنیزاده له به‌ندیخانه‌ی جیرۆفتدا بڵاو کردووه‌ته‌وه.
به‌پێی ڕاپۆرتی چالاکانی مافی مرۆڤی له ئێران‌دا ''هێرانا'' هاتووه سزای له‌سێداره‌دانی سێ پیاوی به‌ندکراو له به‌ندیخانه‌ی قزڵحه‌سار جێبه‌جێ کراوه که ناوی دوو که‌سیان حوسێن سووری و موسلم جه‌عفه‌رییه و ناسنامه‌ی که‌سی سێهه‌میان که خه‌ڵکی ئه‌فغانستانه، ناڕوونه.
هه‌روه‌ها به‌رپرسانی به‌ندیخانه‌ی ته‌ورێز له‌سێداره‌دانی دوو به‌ندکراوی ئه‌و به‌ندیخانه به ناوه‌کانی مه‌جید تالبیان، ٤٣ ساڵه و مورته‌زا دانشوهند ٣٢ ساڵه‌یان، پشتڕاست کردووه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها له به‌ندیخانه‌ی گونبه‌د کاووس ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٩ی خه‌زه‌ڵوه‌ر، دوو به‌ندکراوی به‌لووچ به ناوه‌کانی سه‌فا حوسێنی و سوله‌یمان وه‌زیری له سێداره دراون.
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا سێ به‌ندکراو به ناوه‌کانی ئه‌رسه‌لان حه‌بیبی، جه‌بار که‌یفه‌ری و ئه‌میرحوسێن ڕۆسته‌می له شاری مه‌لایه‌ر سه‌ر به پارێزگای هه‌مه‌دان له سێداره دراون.
شایانی باسه دوو به‌ندکراوی سیاسی به ناوه‌کانی مێهران حه‌سه‌نزاده و حه‌مید عه‌بدۆڵڵازاده له به‌ندیخانه‌ی ورمێ، سزای له‌سێداره‌دانیان به سه‌ردا سه‌پاوه.
شایانی باسه زۆربه‌ی له‌سێداره‌دراوان به بێ دوایین چاوپێکه‌وتن و ئاگادارکردنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌کانیان و به شێوه‌ی نهێنی له سێداره دراون.