کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/ بەڕێوەچوونی سێمینارێک بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر

12:38 - 5 سەرماوەز 2724

ڕۆژی شەممە ٤ی سەرماوەز، کۆمیتەی گشتیی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوید، بە هاوکاریی کۆمیتەی لینشۆپینگی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری لینشۆپینگ سێمینارێکی پڕ نێوەرۆکیان بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر ڕۆژی نێونەتەوەیی بەرەنگابوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بەڕێوە برد.

خاتوو کوێستان بابایی وەک بەڕێوەبەری سێمینارەکە بە دوو زمانی کوردی و سویدی بەخێرهاتنی بەشدارانی کرد و خولەکێک بێدەنگیی بۆ رێزگرتن لەو ژنانەی کە لە ڕێگای ئازادی و یەکسانیدا گیانیان بەخت کردوە راگەیاند.

دواتر خاتوو خەجیج ڕۆستەمی ئەندامی لەمێژینەی یەکیەتیی ژنان و بەرپرسی تەشکیلاتی ئەم رێکخراوە لە وڵاتی سوید بۆ کردنەوەی سێمینارەکە وتەیەکی کورتی پیشکەش کرد.

ناوبراو لە قسەکانیدا وتی: رۆژی ٢٥ی نۆڤامبر وەبیرمان دێنێتەوە کە دەبێ هەوڵەکانمان چڕوپڕتر کەین بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، توندوتیژی تەنیا ئازاری جەستەیی وەک لێدان و کوشتن نییە، بەڵکوو ئازاری دەروونی و ڕۆحییە کە بەهۆی بەکەم گرتن و قسەی ناشیرین، ترساندن و هەڕەشە کردن زامێکی قوڵتر دەخاتە سەر دڵ و میشکی ژنان کە بە زەحمەت ساڕێژ دەبێ بۆیە ئەرکی هەمووانە تێبکۆشین بۆ نە‌‌هێشتنی توندوتیژی.

پاشان پەیامی کومیتەی گشتیی سویدی حیزبی دێموکرات، بەو بۆنەوە لەلایەن محەممەد بایزیدی، ئەندامی کومیتەی گشتییەوە خوێندرایەوە.

خاتوو لۆتا بێکمەن بەرپرسی بەشی کولتوری و کاتی ئازاد لە شاری لینشۆپینگ، باسی لەسەر چۆنیەتیی دەستپێکردنی کار و چالاکی خۆی لە نێو ڕێکخراوەی لاوانی سۆسیال دێموکراتەکاندا کرد.

خاتوو کەژاڵ ئەحمەدی یەکێکی ‌تر لە کۆڕگێرانی ئەو سێمینارە بوو و باسێکی لەسەر توندوتیژی و پرسی یەکسانی لە کۆمەڵگەدا پێشکەش کرد و زانیاریی لەسەر شێوەکانی توندوتیژیی جەستەیی، دەروونی، کاریگەرییەکانی و چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژیانە و چەندین ئاماری لە سەر ئازاردانی ژنان پیشکەش کرد.

 

خاتوو باوان هەمزەیی، کیژێکی تازە پێگەیشتووی کورد کە خوێندکاری زانستە سیاسییەکانە لە رێکخراوەی لە ژنانەوە و بۆ ژنان، باسێکی بە زمانی سویدی پێشکەش کرد.

ناوبراو قسەکانیدا ڕوو لە بەشداران وتی: ئێمە وەک وەچەی نوێ ئەرکی زیاترمان لەسەر شانە و دەبێ زیاتر هەوڵی خۆمان بدەین تا ئەو ڕێگایەی ئێوە بۆ ئازادی و یەکسانی دەستتان پێکردووە، ئێمە بە کار و تێکۆشانمان بیگەێنینە لووتکە و هەوڵ بدەین تا لە جمگەی دەسەڵاتدا کار بکەین تا بە ئامانجەکانمان بگەین.

بۆ نێوئاخنی بەرنامەدا هۆنراوەیەکی خاتوو ناهید حوسێنی لەلایەن خاتوو ڕێناس محەممەدیانەوە پێشکەش کرا.

کۆتا بەشی بەرنامە قسەکانی خاتوو بژار غەفووری پرۆفسۆری بواری بیوشیمی بوو و چەند نموونەی لەسەر شێوازی دابەشکردنی کار لە نێو ڕێکخراوەکان و حیزبەکاندا کرد و ئەزموونی ژیانی خۆی لەسەر توندوتیژی لە قوتابخانەکانی کوردستان و ئێران هێنایە بەرباس و دواتر باسی بوێری ژنانی کرد و لەسەر دابونەریتی کۆمەڵگەی کوردەواری چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

دوای پێشکەشکردنی هەموو وتارەکان، بەشدارانی سێمینار بۆ دەوڵەمەندترکردنی باسەکان کۆمەڵێک پرسیاریان ئاراستەی کۆڕگێران کرد و وتاربێژەکانیش بە وردی وڵامی پرسیارەکانیان دایەوە.