ماوەیەکی کورت پاش ئەوەی کە دەزگای دادوەریی ڕێژیم باسی لە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ سێ کەس لەپێوەندیی لەگەڵ کوشتنی موحسێن فەخریزادە کرد، وەزیری پێشووی ئیتلاعات ڕایگەیاندووە کە ڕێژیم نەیتوانیوە هیچ یەک لە ئەنجامدەرانی کوشتنەکە دەسبەسەر بکات.
مەحموود عەلەوی وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیم لە دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانیدا ڕایگەیاندووە کە ئەنجامدەرانی کوشتنی موحسێن فەخریزادە کە بە باوکی بەرنامە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی دەناسرێت، دەسبەسەر نەکراون و توانیویانە کە لە ئێران بچنە دەرەوە.
ئەم قسانەی عەلەوی تەنیا چەند حەفتە پاش ئەوەیە کە وتەبێژی دەزگای دادوەریی ڕێژیم لە ڕێکەوتی ١٦ی خەزەڵوەری ئەمساڵدا باسی لە دەسبەسەرکردنی سێ کەس بەتۆمەتی هاوکاری لە کوشتنی فەخریزادە کردبوو.
ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی خەڵکی شاری سەردەشت و ڕەسووڵ ئەحمەد موحەممەد خەڵکی باشووری کوردستان ئەم سێ هاووڵاتییە کوردەن کە دواتر لەلایەن ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکانی کوردستانەوە ناوەکانیان بڵاو کرایەوە و تۆمەتی ئەوەیان وەپاڵ دراوە کە کەرەستەکانی کوشتنی فەخریزادەیان لە ڕێگەی قاچاخەوە و لە نێو کەلوپەلەکانیان بۆ نێو ئێران ڕاگواستووە.
جیا لە دەسبەسەرکرانی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە، تەنیا ماوەیەکی کورت پاش کوژرانی فەخریزادە لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاویدا، دوو هاووڵاتیی کوردی دیکە بە ناوەکانی ڕەحمان قنجە و خالید ئەلیاسی خەڵکی سەردەشت، لەلایەن ڕیژیمەوە بەتۆمەتی گواستنەوەی پارچەکانی چەکی بەکارهاتوو لە کوشتنی فەخریزادەدا دەسبەسەر کران و پاشان سزای دە ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
ئەم دوو هاووڵاتییە لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار بەوە کرابوون کە بڵێن ئەوان پارچەکانیان لە ڕێگەی کۆڵبەرییەوە گواستووەتە بەبێ ئەوەی بزانن ئەو پارچانە لە نێو بارەکانیان جێگیر کراوە.
دووشەممەی ڕابردوو مەحموود عەلەوی، وەزیری ئیتلاعاتی ئەو کاتی ڕێژیم دەریخست کە نەیانتوانیوە هیچ یەک لە کەسانی پێوەندیدار بە کوشتنی فەخریزادەوە دەسبەسەر بکەن و هەموو ئەو کەسانەی کە لەو کوشتنەدا بەشدارییان کردووە چەند کاتژمێر پێش دۆزینەوەیان لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ئێران چوونەتە دەرەوە.
لە ئێستادا و بەم قسانەی عەلەوییەوە دەردەکەوێت کە کۆماری ئیسلامی بۆ سەرپۆش خستنەسەر شکستە ئیتلاعاتییەکانی لە مووساد و هەروەها شکستی میلیشیاکانی لە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بۆ جارێکی دیکە دیواری کورتی خەڵکی کوردی کردووەتە ئامانج و سێ کۆڵبەری بێتاوانی لەژێر ئەشکەنجەدا بەتۆمەتی هاوکاریکردن لەم کوشتنەدا بە سێدارە مەحکووم کردووە.