ئاگربڕێکی پێویست، بەڵام لەق
سمایل شەرەفی
لەگەڵ ئەوەی هەمیشە دەسپێکردنی شەڕ لە کۆتاییپێهێنانی ئاسانترە، بەڵام کەس خۆی لێ بەخاوەن ناکات و لایەنەکان هەوڵ دەدەن یەکتری پێ خەتابار بکەن. بەڵام کە دەگاتە قۆناغی ئاشتی و سوڵح و ئاگربڕ، لایەنەکانی شەڕ هەرکامە و خۆیان بە براوە و سەرکەوتوو دەزانن و خەسار و قوربانییەکانیش بە تێچوو و خەساری "پێویست" بۆ "سەرکەوتنەکەیان" لەقەڵەم دەدەن و پێداهەڵگوتن دەستپێدەکات. شەڕی یەکساڵی ڕابردووی نێوان ئیسرائیل و حەماس و حیزبوڵلای لوبنانیش کە بە بێناوهێنانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناشێ باس بکرێ، بەهەمان ئاقاردا هات و ڕۆشت.
ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بۆ هەموو لایەنەکانی؛ ئەمریکا و ئێران، ئیسرائیل و حیزبوڵلا و حەماس و تاقم و گرووپەکانی دیکەی نیابەتی، بۆ رووسیە و ئۆکراین و بۆ وڵاتانی عەرەبی و لە هەمووان گرینگتر خەڵکی بەڵالێدراوی غەززە، پێویست و زەرووری بوو. وەک لە سەرەتاوە ئاماژەی پێدرا سرووشتیە کە لەم ئاگربەستەدا لایەنەکان هەرکامەو خۆی بە براوە و بەرانبەرەکەشی بە دۆڕاو دەزانێ. ناتانیاهۆ دەڵێ؛ ئێمە ئەوەی ویستمان وەدەستمان هێنا و لق و پۆپەکانی ئۆختاپووستمان – کە مەبەستی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە – ناکارا و فەلەج کرد و دوای ئەم سەرکەوتنە زیاتر سەرنجمان دەخەینە سەر بەرنامەی ناوکیی ئێران. کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵا و هێزە نیابەتییەکانیش پێیان وایە "ئەوە هێزی بەرەی مقاومەت بوو کە ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی تووشی خەسار و پاشەکشە کرد و تەسلیمی ئاگربڕی کردن. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت؛ لە کەس شاراوە نیە کە دۆڕاوی سەرەکیی ئەم شەڕە، رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە جیا لە بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی خەڵکی وڵاتەکە لە پێناو سیاسەتە شەرئەنگێزەکانی خۆی، لایەنەکانی وەک حیزبوڵڵا و حەماس و حووسییەکان و لایەنی دیکەشی تووشی زیان و زەرەرێکی زۆری گیانی، ماڵی و تەسلیحاتی کرد، بە جۆرێک کە هەستانەوە و خۆگرتنەوەیان ئەستەمە. کۆماری ئیسلامی بە نانەوەی ئەم شەڕە و کارکردن بۆ بەرفراوانکردنەوەی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی لە فەلەستین و لوبنان کە تیایدا زیاتر لە پەنجا هەزار کەسی مەدەنی کوژراو و نزیک بە دووسەد هەزار کەس بریندرا و هەروەها سێ میلیۆن و نیو ئاوارەی لێ کەوتەوە.
وەک ئاماژەی پێدرا ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بۆ هەموو لایەنەکانی ئەم شەڕە پێویست بوو. بۆ ئەمریکا کە ڕۆڵی سەرەکی تێدا گێڕا بەسەرنجدان مانەوەی دوو مانگ دەسەڵاتی بایدێن و هاتنە سەر کاری ترامپ لە کۆشی سپی پێویست بوو. جیا لە هاتنەوەی دۆناڵد ترامپ کە ڕوانین و سیاسەتی خۆی بۆ ئاڵۆگۆڕەکانی ناوچەکە و جیهان هەیە و پێشبینی دەکرێ ڕێگەیەکی تا ڕادەیەک جیاوازتر لە بایدێن بگرێتەبەر، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە کۆشکی سپی کە دەبێ تا دوو مانگی دیکە بەڕێوە بچێت، جۆرێک لە ئاسایش و سەقامگیریی پێویستە. بۆیە دێموکراتەکان پێش ئەوەی لە کۆشکی سپی بچنەدەر دەبوا کارێکی ئەرێنی بخەنە سەر کارنامەی پڕ لە کەموکووڕییان و جۆرێک سەقامگیری دابین بکەن. لەو بەری چۆمیشەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران کە تا بینەقاقا لە قەیرانگەلی جۆراوجۆری نێوخۆیی و ناوچەیی و نێونەتەوەییدا ڕۆچووە و بە هاتنەوەی ترامپیش هێندەی دیکە زراوی چووە، ملی بۆ ئەم ئاگربەستە ڕاکێشا. عەلی لاریجانی، ڕاویژکاری خامنەیی لە سەردانەکەیدا بۆ لوبنان، سوریە و بینینی لایەنەکانی نزیکی خۆی لە عێراق، ڕاسپێردرابوو کارئاسانی بۆ ئەم ئاگربڕە بکات. دەوڵەتی ناتانیاهوش کە هەم بە هۆی ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتیانی بەبارمەتەگیراو و ناکۆکییەکانی نێو کابینەکەی لەلایەن خەڵک و ئۆپۆزیسیۆنەوە لەژێر گوشاردایە، ناچار نەیتوانی پێشنیاری ئەمریکا و فەڕانسە بۆ ئاگڕبر قبووڵ نەکات.
لە لایەکی دیکەشەوە وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت سێ وڵاتی عەرەبستان، میسر و قەتەر کە لە ڕەوتی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا لە چاو ڕابردوو خەمساردییان هەڵبژارد، کە شەڕ کەوتە باشووری لوبنان هەوڵەکانیان لەسەر گەیشتن بەم ئاگربڕە چڕ کردەوە و بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە پێی وابوو بۆ هەمیشە پەیمانی ئیبراهیم، واتە ئاساییکردنەوەی پێوەندیی نێوان وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیلی لە گۆڕ ناوە، هیچ دوور نیە دوای دەستبەکاربوونی ترامپ لە کۆشکی سپی، ئەم پەیمانە بخرێتەوە گەڕ.
ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان هەم بۆ حیزبوڵڵای لوبنان و هەم بۆ حەماس کە بە کوژرانی زۆرێک لە سەرکردە و ڕێبەرانیان و تێکڕمانی سەرخان و ژێرخانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سەربازییان لە دۆخێکی شپرزەدان، دەرفەتێکە کە بتوانن بە خوێندنەوەی ڕۆحی سەردەم و تێگەیشتن لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هەمیشە وەک کارتێک لە پێناو مەرامە ڕەشەکانی خۆیدا بەکاری هێناون، رێگایەکی درووست و لۆژیکی بگرنەبەر.
ئەوەی لە نێوان ئەم شەڕ و ئاگربڕ و ئالۆزییانەدا کەمترین ئاوڕێ لێ ناردرێتەوە و تەنانەت لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و لوبنانیشدا چووکەترین ئاماژەی پێ نەکراوە، پرسی مێژوویی فەلەستینییەکانە. پرسی گەلێک کە لە دوای ٧ی ئۆکتۆبرەوە هەر لە غەززە تووشی گەورەترین کارەساتی مرۆیی کرا و ماڵ و حاڵیان لێ وێران بوو. ئەوە لە حاڵێکدایە هەموو ئەو شەڕ و ئاژاوە و پیلانگێڕیانە لەژێر ناوی "قەزییەی فەلەستین"ەوە دەکرێ، بەڵام ئێستا ئەوەی باسی لێوە ناکرێ قەزییەی فەلەستینە. خەڵکی مافخوازی فەلەستین دەبێ باش لەم دۆخە تێبگەن، دەبێ بزانن کە ئەوەی هەوڵی لەپەراوێزکەوتنی پرسە مێژووییەکەی ئەوانی داوە و "ئینتفازەی ڕاستەقینە"ی فەلەستینییەکانی بەو ئاقارەدا بردوە، تەنیا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. بە پێچەوانەی هەموو ئەو درۆ و ئیدیعایانەی کە زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا کردوویەتی و دەیکات، کۆماری ئیسلامیی ئێران نە دۆست و پشتیوانی فەلەستینییەکانە و نە قەتیشی پێخۆشە فەلەستینییەکان بەو مافەنە بگەن کە دەیانهەوێ.
بەخۆشییەوە ئێستا هەم لەنێو فەلەستینییەکان و هەم لەنێو عەرەبەکانی لوبناندا کەم نین ئەو کەس و لایەنانەی کە بە درووستی لە سیاسەت و پیلانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتوون و وێدەچی ڕووداوەکانی یەک ساڵی ڕابردوو زیاتر لە هەمیشە نێوەرۆک و ماهییەتی ئەم ڕێژیمەی بۆ گەلانی ناوچەکە ڕوون کردبێتەوە.
خاڵەکانی ئاگربڕی نێوان ئیسرائیل و لوبنان کە بە پێی ئەوەی بڕیارەکان شوێن و ئادرەسی دیکەیان هەیە، جۆرێک لە ناسەقامگیربوون یان بە واتایەکی دیکە تەمەنکورتیی پێوە دیارە کە لانیکەم تا دەستبەکاربوونی دۆنالد ترامپ لە کۆشکی سپی وێدەچێ درێژە بکێشێ. ئەوەی لەم پێوەندییەدا ڕوونە، ڕۆڵی شەرئەنگێزانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە قەت جێی باوەڕ نیە. دانیشتنی ئورووپاییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەمەڕ پرسی ناوکیی ئێران لەم ڕۆژانەدا دەستپێدەکاتەوە کە ڕوانین و هەڵوێستی ئورووپاییەکان و بە گشتی هەڵوێستی کۆمەڵگەی جیهانی لەم پرسەدا ئەگەر لەسەر ڕەوتی پێشوویان بچێتە پێش، هیچ گومانی تێدا نیە ناتوانێ فاکتەرێک بێت بۆ لغاوکردنی کۆماری ئیسلامی و سەقامگیربوونی ئاسایش و ئەمنیەت لە ناوچەکە.