لە ڤییەنەوە بۆ ژنێڤ، لە تێرۆرەوە بۆ مووشەک و بۆمبی ئەتوم
عەلی بداغی
لەمێژساڵە ڤییەن و وتووێژەکانی ڤییەن بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرفەتی بەهێزبوون و مانەوە لە دەسەڵاتی دەستەبەر کردوە. چ ئەوکاتەی لە ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٨دا د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لەسەر مێزی بەناو وتووێژ تێرۆر کرد؛ چ ئەوکاتەی هەر لە ڤییەن و لە ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٤دا ڕێککەوتنامەی "بەرجام"ی لەگەڵ وڵاتانی (١+٥) ئیمزا کرد. ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی لە بەناو دانوستانەکانی ڤییەندا هەموو کاتێک فریودان و لەخشتەبردن بووە، چ ئەوکات کە دەیویست بە لەداوخستنی د. قاسملوو بە ناوی وتووێژ و تێرۆکردنی، بزووتنەوەی سیاسیی کورد و خەبات و خۆڕاگریی حیزبی دێموکرات تووشی نسکۆ بکات. چ ئەوکاتەی بەتەما بوو لە ڕێگای وتووێژەکان و بەرجامەوە بەسەر قەیرانە ئابوورییەکانیدا زاڵ ببێ و هەل و دەرفەتی زیاتری بۆ پەرەپێدان بە بەرنامەی ناوکی، پیشەسازیی مووشەکی و هەژمۆنی و باڵادەستیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەست بکەوێت. ڤییەن و تروئیکای ئورووپاش هەموو جارێ ئەو دەرفەتەیان بە کۆماری ئیسلامی داوە و دەستی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆ و دیکتاتۆرەیان بۆ تەڕاتێنی سیاسی و نیزامی لە ناوچە و جیهاندا ئاوەڵا کردوە.
تروئیکای ئورووپا ئەمجارەیان لە ژنێڤ و لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی نوقمی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانە و، لە دەرەوەی وڵات لەسۆنگەی بەبارمتەگرتنی ئەمنییەتی جیهانی و، لە نێوخۆی وڵاتیش لەسۆنگەی قەیرانە کەڵەكەبووەکانەوە بەرەوڕووی ئیرادەیەکی گشتی و بەگژداچوونەوەیەکی جدی بۆتەوە؛ دەرفەتی دیکەیان بۆ کۆماری ئیسلامی ڕەخساندوە هەتا دیسان لەسەر مێزی دانوستانەوە بیەوێ دۆخەکە لە بەرژەوەندیی خۆی بگۆڕێت.
دانیشتنە سەرەتاییەکانی گەڕی نوێی دانوستانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ تروئیکای ئورووپا -بەبێ بەشداریی ئەمریکا- لەکاتێکدا کران کە پێشتر یەکیەتیی ئورووپا سەبارەت بە هاوکاریی سەربازیی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ڕووسیە کۆمەڵە سزایەکی نوێی بەسەر ڕێژیمی ئێراندا سەپاندبوو؛ ئەوەش لە حاڵێکدا کە هەموو پەلەقاژەکانی ئێران بۆ ئەوەیە لە باری قورسی گوشار و سزاکانی سەر خۆی کەم بکاتەوە. هەروەها ئەو دانیشتنانە لە بارودۆخێکدا بەڕێوە چوون کە حەوتووی پێشووتری بڕیارنامەی نوێی شوڕای حوککامی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتومی لەدژی ئێران دەرکرابوو کە ڕێگای بۆ چالاککردنەوەی میکانیزمی پەلاپیتکە (ماشە) بۆ گەراندنەوەی سزاکانی پێشووی شوڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئێران ئاوەڵا کردوە. ئەوەش لەجێی خۆی کە ئەم بڕیارنامەیە یەکگری و هاوهەڵوێستیی ئورووپا و ئەمریکای لەپێوەندی لەگەڵ بەگژداچوونەوەی ئێراندا هەنگاوێک بەرەو پێش بردوە. ئێرانیش لە کاردانەوە بەو بڕیارە ڕایگەیاندوە هەزاران دەزگای نوێ و زۆر پێشکەوتووی سانترفیوژی بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆمی بە خەستیی زۆر وەگەڕ خستوە و بەوەش کۆمەڵگەی جیهانیی خستووەتە بەردەم بڕیارێکی یەکلاکەرەوە.
سەرکەوتنەکانی ئەم دانوستانە بۆ کۆماری ئیسلامی، یان ئورووپا و ئەمریکا پێوەندیی بە ئاستی پاشەکشە و ملدانەواندنی کۆماری ئیسلامی هەیە. بە ئەگەری زۆر تاران بیهەوێ بە پێدانی چەند ئیمتیازێک کات و زەمەنی زیاتر و باشتر بۆ بەهێزکردنەوەی خۆی بکڕێت، بەتایبەت کە لەو دواییانەدا هەم بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆکان، هەم لەسۆنگەی ناسەقامگیریی ئابووری لە نێوخۆ و هەمیش بەهۆی هەڵتەکانی گرووپ و میلیشیا نیابەتییەکانی کەوتووەتە ئەوپەڕی لاوازییەوە. بەڵام وێدەچێ ئەمجارەیان ئەورووپا کە دەبینێ کۆماری ئیسلامی بەشداریی ڕاستەوخۆی لە شەڕی ئۆکراین لە بەرژەوەندیی ڕووسیەدا هەیە و لە هەموو کاتێک زیاتر لە دەستڕاگەیشتن بە بۆمبی ئەتومی نیزیکترە و، هەروەها لەسۆنگەی نانەوەی شەڕ و قەیران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەمنییەتی جیهانیی بەبارمتە گرتوە، چیدی نەیهەوێ خۆی لە خەو بکا و ڕا بێت. بەتایبەت کە لە ئاماژەکاندا وا دەردەکەوێ ئورووپا قایل نییە وتووێژەکان تەنیا لەسەر بەرنامەی ئەتومیی ئێران بێت و ڕێککەوتن لە سیلەنیگای ئەوانەوە پێویستە گۆڕینی ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی، نەهیشتنی مەترسیی بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیم و هەڕەشەکانی بۆ سەر ئیسڕائیل بگرێتەوە. ئەوەش کە تاران هیوادارە ناکۆکییەکانی نێوان ئورووپا و ئەمریکا بەتایبەت دوای هاتنەوەی تڕامپ بۆ کۆشکی سپی لە بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە و بە پێدانی هەندێک ئیمتیاز گوشارە دیپلۆماتیکەکان لەسەر خۆی کەم بکاتەوە، بەندە بە ئاست و جۆری مامەڵە و پێوەندییەکانی ئورووپا و ئەمریکای دۆناڵد تڕامپ.
وەزن و قورسایی ئورووپاش لە یەکلاکردنەوەی باسەکانی پێوەندیدار بە قەیرانی ئەتومیی ئێران و قەیرانخوڵقێنییەکانی کۆماری ئیسلامیدا دەوری سەرەکی دەبینێ. وەک چۆن کاتێک ئەمریکا دوو ساڵ دوای بەرجام لەو ڕێککەوتنە هاتەدەرێ، ئورووپا سوور بوو لەسەر ئەوەی بەبێ ئەمریکاش پێبەندی ڕێککەوتنەکە بمێنێتەوە. بەڵام بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا لەدژی ئەو لایەنانەی مامەڵەی بازرگانی و ئابوورییان لەگەڵ ئێران هەبوو، لەوەدا ناکام مانەوە. ئێستاش ئورووپا بەبێ ئەمریکا لە توانایدا نییە نە ئیمتیاز بە ئێران بدا و نە هەنگاو بۆ کەمکردنەوەی گوشار و سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران هەڵگرێ و لەهەمبەر ئەوە کۆماری ئیسلامی ملکەچی ڕێککەوتنێکی سەقامگیر بکات.
پێوەندیدار بە بووژاندنەوەی بەرجام ئورووپا لە بەردەم ئەزموونێکی مێژووییە. بێتوو هەتا پاییزی ساڵی داهاتوو میکانیزمی ماشە کارا نەکرێتەوە، ماوەی دیاریکراوی گەمارۆ خستنەسەر پیشەسازیی مووشەکی و هەروەها مامەڵەی چەکوچۆڵی کۆماری ئیسلامی بەسەر دەچێ و ئەوەش تەواو لە بەرژەوەندیی ڕێژیمە. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئاخۆ ئورووپا و تەنانەت ئەمریکاش کۆتایی بە سیکلی دەرفەتدانەوەی بەردەوام بە کۆماری ئیسلامی دێنن، یان ستراتیژییەکی دیکە لە هەمبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگرنەبەر؟ یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتەی دۆناڵد تڕامپ بەفەرمی پێ دەنێتەوە کۆشکی سپی و، هەتا ئەودەم دەبێ چاوەڕوان بمێنینەوە.