کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێسەروشوێنکردنی هاووڵاتییەکی شاری سەقز لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە

19:12 - 14 خەزەڵوەر 2724

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هاووڵاتییەکی شاری سەقز بە ناوی میلاد ڕەشیدی تەمەن ٢٩ ساڵ و خێزاندار، ماوەی حەفتەیەکە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بێسەروشوێن کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، سێشەممەی حەفتەی ڕابردوو ڕێکەوتی ٤ی خەزەڵوەر چەند کەس لە هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە شاری سەقز، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کاتی چوون بۆ سەر کارەکەیدا دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاری دەڕفێنن.

پاش ڕفاندنی ناوبراو هێزێکی دیکەی ئیتلاعات هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکەی و کۆمەڵێک لە کەرەستە تایبەتییەکان و ماشینەکەی لەگەڵ خۆیان دەبەن.

ئەم سەرچاوە ڕوونی نەکردووەتەوە کە کەرەستە براوەکان لەلایەن ئیتلاعاتەوە چ شتگەلیک بوون بەڵام زیادی کردووە کە میلاد لە کاری بڵاوکردنەوەی خواردەمەنییەکان لە شارەکانی سەقز و بانەدا بووە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری ڕفاندنی میلاد لەلایەن ناوندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە بەردەستدا نییە.

ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی هاووڵاتییان بەتایبەتی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە دیاردەیەکی نوێ نییە و کۆماری ئیسلامی بە درێژایی تەمەنی خۆی، ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی وەک ئامرازێک لە دژی ناڕازییانی خۆی بەکار هێناوە.