ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خەزەڵوەر، لە ڕاگەیەندڕاوێکی کەموێنەدا هێرش بۆ سەر ژێرخانەکان و داراییەکانی بنکەی هەواڵگری حیزبوڵڵای لە سووریە پشتڕاست کردەوە.
فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بنکەی حیزبوڵڵایان لە ناوچەی زەینەبییە لە نزیک دەمیشق کردووەتە ئامانج. بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ئیسرائیل، بنکەی هەواڵگریی حیزبوڵڵای لوبنان ئەرکی کۆکردنەوە و هەڵسەنگاندنی زانیارییەکانی لە ئەستۆدایە.
حوسێن عەلی هەزیمە بەرپرسی ستادی هەواڵگریی حیزبوڵڵا بوو، کە مانگی ڕابردوو لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەرەکییەکەی لە بەیرووت کوژرا.
چەند کاتژمێرێک پێش بڵاوبوونەوەی ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ئیسرائیل، چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە باسی لە سێ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سێ کێڵگە لە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی زەینەبییە لە دەمیشق ڕاگەیاند.
ئەم ڕێکخراوە بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی، وتی کە ئەو کێڵگانەی کە باسی لێوە دەکرێت، پێشتر بارەگای سپای پاسداران و حیزبوڵڵا بوون.
هەروەها وەزارەتی بەرگریی سووریە وتوویەتی کە ئەم هێرشەی ئیسرائیل کە لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە ئەنجام دراوە، زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.
تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ئەگەری زیانەکانی ئەم هێرشە بڵاو نەکراوەتەوە.
هێرشەکانی ئیسرائیل دژی بنکەکانی کۆماری ئیسلامی و گرووپە نیابەتییەکانی لە سووریە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆر بوون، بەڵام چڕی و فرەچەشنیی ئەم هێرشانە لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ١٥ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بەپێی ئاماری چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، لە ماوەی ئەمساڵی زایینیدا ٢٥ ئەندامی سپای پاسداران، ٥٢ ئەندامی حیزبوڵڵا، ٨٠ میلیشیای سووری کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی دەکرێن و ٢٥ میلیشیای غەیرە سووری لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریە کوژراون.