کەیوان ڕەحیمی خەڵکی شاری سەقز و چالاکی کۆمەڵایەتی و چالاکی بواری میدیایی، سزای ٨ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە مافی مرۆییەکان، کەیوان ڕەحیمی بە تۆمەتی پڕۆپاگاندە بە دژی نیزام لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە سزای ٨ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.
ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٠ی بانەمەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە دەسبەسەر و بۆ ماوەی ٢ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بەبێ پێدانی مافە سەرەتاییەکانی بەند کراوە و پاشان بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی، بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.
ئەم چالاکە کۆمەڵایەتییە ڕیکەوتی ١٣ی ڕەزبەر بەهۆی پشتیوانییەکانی لە چالاکییە مەدەنییەکانی سێ چالاکی شاری سەقز بە ناوەکانی هێرۆ قەدیمی، شێرکۆ حێجازی و ئازاد ئەمینی و هەروەها داوای کۆتاییهێنان بە دەسبەسەرکرانی کاتیی ئەم سێ چالاکە، دەسبەسەر کرابوو.