ڕۆژی شەممە ١٢ی خەزەڵوەر، کۆڕێک لەژێر ناوی شەڕ و ئەرکی ئۆپۆزسیۆن لە شاری هامبۆرگ لەلایەن چەند حیزب و لایەنی سیاسی بەڕێوە چوو کە بەشێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێیدا بەشدار بوون.
کاک شەهریار نەقشبەندی وەک چالاکی سیاسی کورد، محەممەد مشکی وەک چالاکی سیاسی چەپ و تەقی هاشمی نوێنەری گرووپی ئێرانییانی هامبۆرگ و دەوروبەری و هەروەها سەعید کارخانە ئەندامی کۆماریخوازانی سێکۆلار دێموکرات وەک وتەبێژ بانگهێشت کرابوون و بەشداربووان دوای گوێگرتن لە وتەکانیان پرسیارەکانیان ئاراستەی ناوبراوان کرد.
کاک شەهریار نەقشبەندی لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای خۆسەپاندنیەوە وەک حکوومەت بە خوڵقاندنی قەیران دروستکردنی شەڕ و ئاژاوە خۆی لە هەندێک گیروگرفت ڕزگار کردووە.
نەقشبەندی باسی لەوە کرد ڕێژیمی ئێران بە دروستکردنی ئاژاوە و برسییەتی و تۆقاندن و هەرِەشە لە نێو وڵات و دەستتێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و دروستکردنی چەندین گرووپی تێرۆریستی لەژێر ناوی هەناردەکردنی شۆڕش لەم وڵاتانە و هەروەها تێرۆر و ڕفاندن لە وڵاتانی ناوچە و سەرجەم وڵاتانی ئورووپا و ئامریکا تا ئێستا توانیویەتی درێژە بە حکوومەتە نگریسەکەی بدات.
تێچووی ئەم کارانەی لە گیرفانی خەڵکی ئێران خەرج کردووە. هەر جۆر ڕەخنە و بەرھەڵستکاری ڕەت دەکاتەوە بە توندترین شێوە سەرکوت دەکات و بە ئێعدام و زیندان و دەستدرێژی و برسیەتی و ئەشکەنجە وڵامی خەڵک دەداتەوە.
بە وتەی ناوبراو دوای ڕووداوەکانی فەلەستین و لوبنان بۆ وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی ڕۆژاوایی دەرکەوتووە کۆماری ئیسلامی بووەتە هۆی ئەو هەموو شەڕ و ئاژاوە و کوشتن و ئاوارەییە.
شەهریار نەقشبەندی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی کە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی نزیکە و ئۆپۆزسیۆن دەبێت خۆی بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بکات و بۆ یەکگرتوویی تێبکۆشێت تا بتوانن لە دەرەوەی وڵات هاواهەنگی ساز بکەن و لە نێوخۆی وڵات یەکڕیزی و ڕێکخستن ئاسان بکرێت تا ڕووخانی کۆماری ئێسلامی زووتر وەدی بێت.
هەر یەک لە وتەبێژەکانی تریش بیر و بۆچوونەکانی خۆیان بۆ ئامادەبووان باس کرد و لە دواییشدا پرسیارەکانی بەشداربووانیان وڵام دایەوە.