گۆڕەپانی فیناڵ
کەریم پەرویزی
دیپلۆماسی، لە ئاکامی شەڕ و ململانێی هێزدا دێتە ئاراوە. لە ڕاستیدا دیپلۆماسی ئاکامگیرییە لە شەڕێک کە لە نێوان دوو یا چەند لایەندا ڕوو دەدا و بە واتایەکی ناسراویش دیپلۆماسی درێژەی شەڕی فیزیکییە لە بیاڤی سیاسی و دانوستاندا. بەو مانایە، لە نێوان دوو یا چەند لایەندا گرژی و ململانێیەک دێتە ئاراوە و ئەو ململانێیە دەکێشێتە باریکە ڕێگای لەنێوچوون و لەو تەنگانەیەدا نێوبژیوانێ پەیدا دەبێ و بۆ ئەوەی شەڕەکە تا کۆتایی لەنێوچوونی لایەنێک درێژە نەکێشێ، درگایەک دەبێتەوە کە هەردوو یا چەند لایەنی ململانێکە پێیدا تێپەڕن و شەڕە فیزیکیەکە ببەنە بیاڤی دانوستانەوە و لە ڕێگای دانوستان و سیاسەتەوە شەڕەکە درێژە پێ بدەن.
ئەم شەڕە سیاسی و دیپلۆماسییە تا کاتێک درێژەی دەبێ کە دوو یان چەند لایەنی ململانێکە بگەنە لێکتێگەیشتنێک کە هەرکامەیان چییان بەر دەکەوێ. لە ڕاستیدا ئاکام و درێژەی دیپلۆماسیش بریتی دەبێ لە ڕێککەوتن، کە لەو ڕێککەوتتنەدا هەمو لایەنەکان ئیمتیاز دەدەن و ئیمتیاز وەردەگرن و تێیدا بەرژەوەندییان دەست دەکەوێ و خەساریش دەبینن! جا ڕوون و دیارە کە لە ڕێککەوتندا لایەنی لاواز خەساری زۆرتر و بەرژەوەندیی کەمتری پێ دەبڕێ و لایەنی بەهێز، بەرژەوەندیی زۆرتر و خەساری کەمتر!
بەڵام زۆر جار هەیە کە ڕێککەوتنەکە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی پێکداپژان نییە و لەڕاستیدا ڕێککەوتنێکی کاتییە بۆ وەدواخستنی ڕکەبەرییەکە کە هەر دوو لا کاتێکیان دەس دەکەوێ بۆ خۆتەیارکردن بۆ قۆناخی دیکەی ململانێ! ئەم جۆرە ڕێککەوتنە لەنێو دڵی خۆیدا بۆمبێکی زەماندارکراوی هەڵگرتوە کە بە تێپەڕینی هەر چرکەیەک، لە ڕۆژی قیامەتی تەقینەوە نزیک دەبێتەوە و لەو ڕۆژی تەقینەوەیدا، لایەنەکان دەچنە گۆڕەپانی فیناڵ بۆ شەڕی کۆتایی کە لەوێدا ئیدی بەرژەوەندی و خەسارە باڵاکان دیاری دەکرێن و ڕێککەوتنێکی وای لێ دەکەوێتەوە کە بەرژەوەندی و خاڵە ستراتژیکەکانی تێدا نوێ دەکرێتەوە و بۆ ماوەیەکی دوورتر دۆخی ئارامی بەسەر کەشەکەدا زاڵ دەکا.
لەو جۆرە ڕێککەوتنە کاتییانە، ڕێککەوتنی بەرجامی نێوان وەلیی فەقیهـ و وڵاتانی ڕۆژاوایی بوو کە تێیدا وەلیی فەقیهـ بە خەساری زۆرەوە درێژەی تەمەنی ڕێژیمەکەی دەست کەوتبوو، بەڵام بۆمبە زەماندارەکەی زووتر لە کاتی خۆی بە دەستی ترامپی سەرۆکی ئامریکا چالاک کرا و ململانێیەکە سەرلە نوێ دەستی پێ کردەوە! مملانێیەک کە لە درێژەی خۆیدا و بە سیاسەتی لاوازی بایدنی سەرۆکی دیکەی ئامریکا ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ی لێ کەوتەوە و مەیدانی شەڕەکەی بەرفراوانتر و ڕوونتر کردەوە.
لەم ڕۆژانەدا خامنەیی و دەستوپێوەندیەکانی دوای وەڵامدانەوی ئیسرائیل بەرانبەر بە ئاژاوگێڕی و شەڕەنگێزیەکانی کە بە ١٨٠ مووشەکی بالستیک هێرشی کردبووە سەر خاکی ئیسرائیل، سەرەتا ویستیان بە بچووکنیشاندانی وەڵامەکەی ئیسرائیل خۆیان لە گەڕی دیکەی وەڵامدانەوە بدزنەوە، چونکە دۆخی ڕێژیمەکەیان لە ئێستادا بە باش نازانن و نیگەرانی ئەوەن کە ئێستە ئامادەی ئەوە نین بچنە یاریی چارەنووسساز لە گۆڕەپانی فیناڵدا و دەیانەویست بە شێوەیەک لە شێوەکان بیانوویەک بۆ دەستەوەستانی بدۆزنەوە! بەڵام دەرکەوتنی لایەنە ڕاستییەکانی هێرشی ئیسرائیل ڕێگای حاشاکردن و خۆلێدزینەوەی بۆ نەهێشتوونەوە و هەر ڕۆژە و ڕاپۆرتێکی نوێ لەسەر ڕادە و ڕێژەی کاریگەریی وەڵامدانەوەکەی ئیسرائیل و لە نێوبردنی بنکە ستراتژیکە نیزامییەکانی وەلیی فەقیهـ لە نێو ئێراندا، بڵاو دەبێتەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتانە و دەرکەوتنی ڕاستییەکانی ئەم هێرشە هەم لاوازیی نیزامیی خامنەیی و سوپا تیرۆریستیەکەی نیشان دەدا و هەم لە نێو گرووپە دەسکردەکانی لە ناوچەشدا ئێعتباری دەباتە ژێر پرسیار، هەر بۆیە خامنەیی و تیمە شڵەژاوەکەی گوایە بڕیاریان داوە کە وەڵام دەدەنەوە!
لە شەڕی نیزامیی نێوان ڕژیمی ئیسلامیی تاران و ئیسرائیلدا خاڵی بەهێز و لاوازی هەردوولا دیارن.
هێزی نیزامی و بەتایبەت ئاسمانیی ئیسرائیل وەها گەورە و کاریگەرە کە بە ئاسانی هاتووەتە ئاسمانی ئێران و بنکە ستراتیژیک و گرنگەکانی سوپای پاسداران و هێزی نیزامیی وێران کردوە و گەڕاوەتەوە و هێزی ئێرانی هیچیان بۆ نەکراوە کە لانیکەم موزاحیمی کارەکانیان بن! لەبەرانبەردا ئیسرائیل وڵاتیکی بچووکە و لەبەر هێرشی سەدان و چەند هەزاریی مووشەک و درۆندا ڕەنگە لاواز دەربکەوێ!
بۆیە لە هەواڵدەرییەکاندا باس لەوە دەکرێ کە وەلیی فەقیهـ بڕیاری وەڵامدانەوەی داوە و شارەزایان دەڵێن کە ئەمجارە ڕێژیمی تاران دەیەوێ مووشەک و درۆن بباتە نێو عێراق و لە وڵاتی عێراقیشەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل. گوایە بەرنامەی ئەمجارەی ڕژیم ئەوەیە بۆ ئەوەی بتوانێ زەربە لە ئیسرائیل بوەشنێ و وەکوو دوو جارەکەی دیکە حەیای نەچێ و وەک شتێکی نومایشێ دەر نەکەوێ، دەیەوێ هێرشەکەی بەربڵاو بێ و بە مووشەکی کرووز و بالستیک و درۆن لە چەند لاوە هێرش بکاتە سەر خاکی ئیسرائیل. جا ئەگەر هێرشەکەی بەربڵاو و چەند لایەنە نەبێ، سیستمی بەرگریی ئیسرائیل بەرپەرچی دەداتەوە و دووبارە بە شتێکی نومایشی دێتە بەرچاو، خۆ ئەگەر هێڕشەکەشی بەربڵاو بێ، ئیدی کۆنترۆڵکراو نییە و دیار نییە چەندە خەسارەتی مرۆییش بە ئیسرائیل دەگەیەنێ، کە ئەمە خۆی دەبێتە هۆی وەڵامدانەوەی زۆر توندی ئیسرائیل و ڕەنگە ڕژیم لە بڕست بخا!
بۆ دەربازبوون لەم بڕانی بڕستە، ڕێژیم هەر لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣وە و پێشتریش لە فکری پەرەدانی خێرا بە بەرنامە ناوکییەکەیدا بوو و لە ٧ی ئۆکتۆبر بەملاوە بە کەڵک وەرگرتن بە سەرنجی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ شەڕی ئیسرائیل و حەماس، ڕێژیم پیتاندنی ئۆرانیۆم خێراتر کرد و خۆی نزیکی بۆمبی ناوکی کردەوە.
لە ئێستادا هەم سەرانی سوپای تیرۆریستیی پاسداران باس لەوە دەکەن ڕەنگە بەرەو وەدەستهێنانی چەکی دیکە کە مەبەستیان چەکی ناوکیە بڕۆن و هەم ڕاوێژکاری خامنەیی، واتە خەرازی ڕایگەیاندوە کە توانای دروستکردنی چەکی ناوکییان هەیە و خودی سەری مارەکەش ڕایگەیاندوە کە بۆ دژبەریی دوژمنان هەر چەکێک پێویست بێ وەدەستی دێنن!
گوایە ڕێژیم دەیەوێ بۆ پاراستنی خۆی لە هێرشی گورچکبڕی ئیسرائیل و ترساندنی ئیسرائیل و ئامریکا لەوەی کە هێرشەکە نەگەیەننە دۆخێک کە بڕستی ڕژیمی تێدا ببڕێ، هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە یارییەکە دەبەنە ئاستی دیکە! ئەمەش کە ترس و هەڕەشەی ئەوە بکەی کە ڕەنگە یارییەکە ببەیتە ئاستێک کە بەرامبەرەکەت خەساری زۆر گەورەی لێ دەکەوێ و لە ڕاستیدا هەڕەشەی تێکدانی چوارچێوەی یارییەکە دەکەی، ڕەنگە بەجۆرێک بەڵاگێڕەوە بێ و لایەنی بەرامبەر بخاتە فیکری ئەوە کە بۆ تێکنەچوونی یەکجارەکیی دۆخەکە جارێ کاردانەوەی توندی نەبێ.
بەڵام ڕەنگە ئەو پەیامەش لە نێو لایەنی بەرامبەردا چالاک بکاتەوە کە ئەمە گەر دەرەتانی پێ بدرێ لەو بارەوە بەهێزتر دەبێ و ڕەنگە ڕۆژێ لەناکاو ئەو هەڕەشەیە بەکردەیی بکا، جا باشترە کە ئێستە دۆخەکە لەبارە و هێز کۆ کراوەتەوە، بۆمبە زەماندارەکە وەگەڕ بخرێ و یارییەکە ببرێتە گۆڕەپانی فیناڵ و ئیدی ململانێی دوورو درێژی چەند دەیەیی کۆتایی پێ بهێنرێ و یاریی فیناڵی تێدا بکرێ و گورزی گورچکبڕ بوەشێنرێ و ڕەنگە لە نێو دڵی ڕووداوەکاندا دوورە دیمەنی داهاتووش دەر بکەوێ.
ئەمڕۆش نەبێ، لە داهاتوویەکی نەدووردا وەلیی فەقیهـ و دەستوپێوەندیەکانی دەبرێنە گۆڕەپانی فیناڵ، ئاکامی فیناڵەکە ڕەنگە پێشبینیکراو نەبێ، بەڵام لۆژیکی هێز پێمان دەڵێ کە لەو ململانێیەدا کێ خەساری زۆرتری بەر دەکەوێ و هەر لۆژیکی هێزیش پێمان دەڵی کە ئایە لەو یاریی فیناڵەدا، ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات چیمان وێ دەکەوێ و چیمان بەر دەکەوێ!