ڕۆژی هەینی ١١ی خەزەڵوەر، نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لە ئوسترالیا پێکهاتوو لە سەلاح پوورئەسەد و کامران سۆهرابی لە بەشی پێوەندییەکان و ڕاگەیاندنی حیزب لە ئوسترالیا بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند بابەتێکی گرینگ سەردانی بەڕێز گڕاهام پیرێت بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە پارلمانی فێدراڵی ئوسترالیایان کرد و بە گەرمی پێشوازییان لێ کرا.
جێگای ئاماژەیە کە گڕاهام پیرێت لە حیزبی کرێکارانی ئوسترالیا و بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە پارلەمانی فێدراڵیدا یەکێک لە دڵسۆزان و خەمخوارانی دۆزی ڕەوای گەلی کوردە کە ماوەی بیست ساڵە پێوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری بریزبێنی ئوسترالیا هەیە.
ناوبراو چەندین جار کێشەی کورد و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی لە ئێران گەیاندووەتە ئاستی سەرتر و کردەوە دژەمرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە گەلی کوردی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئوسترالیادا هێناوەتە بەر باس کە چەند جارێک کۆماری ئیسلامی دژکردەوەی لە خۆی نیشان داەوە و بەرپرسانی ئوسترالیای بەوە تاوانبار کردەوە کە لەگەڵ نەیارانی کۆماری ئیسلامی دانیشتن دەکەن .
لە کۆبونەوەکەدا باسی دوایین گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس و حیزبولڵا، دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچە کرا.
تەوەرێکی دیکەی باسەکە لەسێدارەدانی جەمشید شارمەهد لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بوو کە دەنگی ناڕەزایەتیی ئورووپا و بە تایبەت دەوڵەتی ئاڵمانی لێ کەوتەوە و بوو بەهۆی داخستنی چەندین کۆنسۆلخانەی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی ئاڵمان .
لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا داوا لە ناوبراو کرا کە حکوومەتی ئوسترالیا هەوڵی زیاتر بدا بۆ ئەوەی سپای پاسداران و زۆربەی بەرپرسانی ڕێژیم بخەنە ناو لیستی تێرۆرەوە و هەرچی زیاتر ڕێژیمی ئێران تەریک بکەنەوە.
گڕاهام پیرێت وەک هەمیشە بەڵێنی دا کە ویست و داواکانی هاوڕێیانی حیزبی دێموکرات بگەیەنێتە ئاستی سەرتر لە حکوومەتی ئوسترالیا و لەنێو پارلەمانی فێدراڵیدا .
لە کۆتا بەشی کۆبونەوەکەدا بە هاوفکری دوولایەنە قەراری دیدارێکی تر لە داهاتویەکی نزیکدا دەست نیشان کرا.