کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکا "ئەستۆندەکی تاوڵی مراد"ی کۆماری ئیسلامی!

01:12 - 19 سەرماوەز 2724

شکا "ئەستۆندەکی تاوڵی مراد"ی کۆماری ئیسلامی!

سمایل شەرەفی

دوای سێزدە ساڵ لە دواخستنی کەوتنی ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە بە پشتیوانیی سەرەکیی ئێران و ڕووسیە، لە کۆتاییدا بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی دژبەرانی ڕێژیمی بەعسی سووریە خۆیان گەیاندە پایتەختی وڵات و، بەشار ئەسەد بەرەو ڕووسیە ڕای کرد و بۆ هەمیشە کۆتایی بە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد و حیزبی بەعس هات. بێگومان مانەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات بۆ خەڵکی سووریە پڕتێچوو و کارەساتبار بوو. لە دوای بەهاری عەڕەبی کە سووریەشی گرتەوە، زیاتر لە ٥٠٠ هەزار کەس گیانیان لەدەست دا و نزیک بە دە میلیۆن کەس لە حەشیمەتی  بیست و چوار میلیۆنیی ئەم وڵاتە ئاوارەی هەندەران بوون و زیاتر لە سەتا شەسیت ژێرخان و بان‌خانی سووریە تێکڕووخا.

وڵاتی سووریە لە گەلێک بارەوە جێی سەرنج و بایەخ‌پێدانە و تەنیا ئاماژەدان بە حزووری سیاسی و مەیدانیی زلهێزەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە لەم وڵاتە کە هەرکام بۆ مەرامێکی تایبەت لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانیان لەوێن، دەیسەلمێنێ بۆچی سووریە گرینگە. بۆیە پەرژانە سەر گشت پرس و بابەتەکانی تایبەت و پێوەندیدار بە سووریە لە تاقەتی وەها وتارێکدا نیە و لەم نووسینەدا تەنیا لە گۆشەنیگایەکەوە باس لە سووریە وەک بەشێک لە قووڵایی ستراتیژیکی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین.

چەند ساڵ پێش ئێستا و لە ڕەوتی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبیدا کە وڵاتی سووریەشی گرتەوە و خەڵک دژ بە ڕێژیمی بەشار ئەسەد ڕاپەڕین، حەسەن نەسروڵڵا، ڕێبەری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان لە لێدوانێکدا لە زمان عەلی خامنەییەوە باس لە گرینگیی سووریە دەکات. ناوبراو دەڵێ: "خامنەیی پێی وتین کە سووریە بۆ مێحوەری مقاومەت و سەرکەوتنی ئیسلام لە ناوچەکە ڕۆڵی کۆڵەکەی خەیمەی هەیە". کۆماری ئیسلامی بە حزووری سەربازیی خۆی لە سووریە جیا لە کارکردن بۆ مانەوەی ڕێژیمی بەشار ئەسەد، لەم وڵاتە وەک پێگە و سەکۆیەک بۆ تەیارکردنی هێزە نیابەتییەکانی دیکەی لە لوبنان و فەلەستین کەڵکی وەردەگرت. بۆ پاراستنی ئەم پێگەیە چالاکییەکانی سپاسی قودسی بە فەرماندەیی قاسم سولەیمانی لە سووریە چڕ کردەوە. بەپێی ئەو بەڵگانەی لە ڕەوتی شەڕ و ئاڵۆزییە نێوخۆییەکانی سووریە کەوتە دەست هێزەکانی سووریەی دێموکرات و لایەنەکانی دیکە، قاسم سولەیمانی و هێزەکەی لە سووریە لە کوشتاری خەڵکی ڕاپەڕیوی ئەم وڵاتە دژ بە بەشار ئەسەد چ کارەسات و جەنایەتگەلێک کە دەستیان لێ نەپاراست؛ تەنیا بۆ ئەوەی ڕێژیمی بەشار ئەسەد ڕابگرن و لەم وڵاتە بۆ مەرامەکانی خۆیان کەڵک وەربگرن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ئەو دوازدە ساڵەدا بە میلیاردها دۆلاری خەرجی سازکردنی گرووپی جۆراوجۆری وەک "فاتمیون" و "زەینەبیون" و .. بە ناوی "مدافعین حرم" و پڕچەکردنیان و شەڕ و ئاڵۆزی‌نانەوە کرد کە سەروەت و سامانی وڵاتێک بوو کە نزیک بە شەست لەسەدی خەڵکەکەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە هەوڵی دەدا پێش بە کەوتن و ڕووخانی ئەم کۆڵەکەیە بگرێ کە دەوارە شڕی ئیدئۆلۆژییەکەی ڕاگرتبوو. ئیدئۆلۆژیی "ناردەنە دەرەوەی شۆڕش"، "پێکهێنانی بەرەی مقاومەت و لە کۆتاییدا بنیاتنانی دەسەڵاتی هیلالی شیعە لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بە مێحوەریەتی جەنابی وەلایەتی فەقیهی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە حوکمی جیهانی ئیسلام بکات!. بەڵام بە پێش چاوی هەموو دنیاوە ڕێژیمی بەشار ئەسەد دوای کەمتر لە دوو حەوتوو، بەو هەمووە بەرەی مقاومەتەوە، بەرگەی نەگرت و ڕووخا.

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بە سیاسی و سەربازییەوە – وەک خۆیان دەڵێن – لەوەیکە بەشار ئەسەد بەرگەی چەند ڕۆژ "مقاومەت"ی نەگرت و ڕووخا، سەریان سووڕما. بەجۆرێک کە کەوتنە لۆمەی بەشار ئەسەد  کە چۆن دەبێ ئەوەندە لاوازبێت و گوایە ئەوان قەت باوەڕیان نەدەکرد ئەوەندە بێ‌دەسەڵات بێت کە نەتوانێ بەرانبەر بە تاقمێک "تێرۆریست" خۆی ڕابگرێت. لەم بارەوە وەزیری دەرەوەی ڕێژیم، عێراقچی دەڵێ: "لاوازیی ئەرتەشی سووریە و خێرایی ئاڵوگۆڕەکان لە ناوچەکە سەرسووڕهێنەر بوو". ڕوو هەڵماڵا و بێ‌شەرمانەتر لە هەموو ئەمانە قسەی قالیباف، سەرۆکی پارلمانی ڕێژیم بوو کە گووتی؛"ئێمە زۆر جار بە بەشار ئەسەدمان دەگووت کە پێویستە سەرنجی داخوازییەکانی خەڵک بدەی!"

کاربەدەستانی ڕێژیم بەو جۆرە دەربڕینانە لەگەڵ ئەوەی دەیانهەوێ لاوازیی و دەستەوەستانیی خۆیان لە سووریە و ناوچەکە بە گشتی بشارنەوە، دەیانهەوێ هەموو بەرپرسیارییەتییەکانیش بخەنە ئەستۆی بەشار ئەسەد. ئەوە لە حاڵێک‌دایە ئەوەی سووریەی بەو دۆخە گەیاند و بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی سووریەی سەرکوت کرد و  شەڕی نێوخۆیی لەم وڵاتە سازکرد  و لە کۆتاییدا خۆی بەشی سەرەکیی لەم شکست و دۆڕانەدا هەیە و تیایدا تاوانبار و ڕیسوایە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

بە ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد و کۆتایی‌هاتن بە حزووری مەیدانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریە شکا "ئەستۆندەکی تاوڵی مراد"ی ئەم ڕێژیمە و تێک ڕووخا. باسکە نیابەتییەکانی وەک حەماس و حیزبوڵڵا کە لە ڕەوتی شەڕی یەک ساڵی ڕابردووی نێوان ئەم هێزانە لەگەڵ ئیسرائیل، نیوەگیان بوون، زیاتر تووشی قەیران دەبن و هەستانەوەیان بە بێ شاڕێی سووریە زۆر ئاستەمتر دەبێ. بەدەنەی هەرە توندڕەوی ڕێژیم کە لە ڕووی ئیدئۆلۆژییەوە پێوەندییەکی ڕۆحیی بەهێزیان بە پیرۆزییەکانیان لە سووریەوە هەبوو و بە پێچەوانەی چاوەڕوانییان "مدافعینی حەرەم"یش نەیاتوانی هیچ دیفاعێک بۆ پاراستنیان بکەن، دوور نیە بەگژ "هەیمەنەی درۆیین"ی خامنەییدا بچنەوە و لە بیرکردنەوە و هەڵسووکەوتیاندا تووشی پارادۆکسی ڕەوانی و ڕەفتاری ببن. لە پێوەندی لەگەڵ دۆسییەی ناوکی کە بۆ جارێکی دیکە و دوای هاتنەسەرکاری پزیشکیان وتوێژەکان لەگەڵ لایەنی ڕۆژئاوایی دەستی پێ کردەوە، کۆماری ئیسلامی زۆر دەست بەتاڵتر لە جاران مەجبوور بە دانەواندن و ئیمتیازدانە.

بە گشتی کۆماری ئیسلامی کە جارێ لە سەرسوڕمانی کەوتنی بەشار ئەسەد‌دا ماوەتەوە، لە گەرم برینیدا دەژی و مانگەکانی داهاتوو کە لەلایەک دەبێ ڕووبەڕووی پرسیارە بێ‌وڵامەکانی لایەنگرانی لە نێوخۆی وڵات و لێکەوتەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و کایە نێودەوڵەتییەکان بێتەوە جا ئەوجار لێی ڕوون دەبێتەوە لە کوێی دراوە و کوێی دێشێ.