ڕۆژی شەممە ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ کوردی ( ٧ی دێسامبری ٢٠٢٤) کۆنگرەی دووهەمی کۆنفێدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە شاری بێرلینی پێتەختی وڵاتی ئاڵمان دەستی پێ کرد.
لەسەر بانگهێشتی دوکتور ئیسماعیل کامل سەرۆکی کۆنفێدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون.
بڕگەی یەکەمی مەراسمەکە تایبەت بوو بەو حیزب و ڕێکخراوە و کەسایەتییانەی کە بانگهێشت کرابوون.
سەرەتا دوکتۆر ئیسماعیل کامل بە باسێک لەسەر ڕەوەندی کوردی لە دیاسپۆرا ،کار و چالاکییەکانی ڕەوەندی کوردستانی، تێڕوانینی وڵاتانی ئورووپایی لەهەمبەر پرسی کورد و ڕۆڵ و ئەرکی تاک و ڕێکخراوە کوردستانییەکانی تاراوگە و خاڵە ئەرێنیەکانی دیاسپۆرای کورد بۆ قۆستنەوەی دەرفەتە یاساییەکان بۆ پرسی کورد، ڕێوڕەسمەکەی دەست پێ کرد.
دواتر پەیامی کاک مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دێموکراتی کوردستان لەلایەن ئەندامێکی کۆنگرە بەناو "شفا بارزانی" خوێندرایەوە و دوکتور کەنداڵ نەزان "بەرپرسی ئەنیستیتۆی کورد لە پاریس" پەیامێکی پێشکەش کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەدا خەڵات بەسەر هێندێک کەسی چالاکی ئەندام لە کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دابەش کرا و پاشان ئاماژە بە ناوی حیزب و کەسایەتییەکان کرا کە برووسکەی پیرۆزباییان ناردبوو بۆ کونگرە.
بڕگەی کۆتایی تایبەت بە میوانان ، بە چەند پارچە موزیک لە لایەن چەند هونەرمەندی پارچەکانی کوردستان پێشکێش کرا.
کونگرەی دووهەمی ڕەوەندی کوردستانی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێ و سەرۆک و دەستەی نوێ بۆ چوار ساڵی داهاتوو دیاری دەکرێن.
شاندی حیزب پێکهاتبوون لە :
کاک کامیز سەلیمی
کاک فایق ئەمینی
خاتوو فەرزانە ڕەزەوی
خاتوو فاتمە قادری
کاک حەمید مورادی
کاک هەردەوان ئەللاویسی
کاک شوانە ئازەرلوو
کاک ساسان خاتوونی