کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کوڕێکی پرسە و سەرەخۆشی بۆ مامۆستا مەلامحەممەد شەڵماشی لە وڵاتی دانمارک

11:25 - 20 سەرماوەز 2724

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ی کوردی بە بەشداریی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆڕێکی پرسە و سەرەخۆشی بۆ مامۆستا مەلامحەممەد شەڵماشی لەلایەن بنەماڵەی شەڵماشی و هاوڕێ نزیکەکانیان، لە شاری ڕۆسکیلدە لە وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو.

 سەرەتا بە ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان و کۆچکردووان ڕێوڕەسمەکە دەستی پێکرد و پاشان لەلایەن هاوڕێ وریا مەللاکەوە ئاوڕێک لە ژیان و ڕابردووی ئەدەبی، ئایینی، کۆمەڵایەتی و سیاسیی مامۆستا مەلامحەممەد شەڵماشی درایەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەدا، پەیامی  کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک، لە لایەن ئەحمەد ڕەحمانی ئەندامی کۆمیتەی گشتیی حیزبەوە پێشکەش کرا.   بەشێک لە پەیامی کۆمیتە بەم چەشنە بوو: "پێگەیەشتن لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەردا و دەروەستبوون بە ڕێبازی پڕ لە سەروەریی شەهید مەلا ئاوارەی برای کە سیمایەکی ناسراو و تێکۆشەرێکی دیاری نێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ساڵەکانی ٤٦-٤٧ ی کوردستان بوو، هاوکات لە گەڵ بەرهەمە ئەدەبی و زانستییەکانی، کەسایەتیی مامۆستای کۆچکردوو مەلامحەممەد شەڵماشی، وەکوو ڕووناکبیرێکی هەڵکەوتوو و  سیمبۆلی نیشتمانپەروەری و دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمان پێناسە دەکەن".

دواتر بە نیشانەی ڕێز و وەفا بۆ ڕوحی پاکی مامۆستا، مۆمی ماتەمینی کۆڕەکە لەلایەن کاک عەباسی شەریفی پێشمەرگەی دێرین و خاتوو ئەستی ئەدیب، خوشکی شەهید حەسەن ئەدیب داگیرسا.

پاشان پەیامی هاوخەمی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە وڵاتی دانمارک لەلایەن کاک عەدنان ئاغاجان بەرپرسی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانەوە پێشکەش کرا.

 لە بڕگەی دوایی ڕێوڕەسمەکەدا سپاسنامەی بنەماڵەی مامۆستا مەلامحەممەد شەڵماشی لەلایەن کاک سیروان شەڵماشی برازای کۆچکردوو مامۆستا مەلامحەممەد شەڵماشییەوە پێشکەش کرا.