ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی سەرماوەز، کۆڕێکی پرسە و ڕێزلێنان لە خەبات و تێكۆشانی کادری دێرین و دڵسۆزی بەوەفای ڕێبازی دێموکرات، "قاسم قارەمانی" لە شاری ستۆکهۆڵم بەڕێوە چوو.
کۆڕەکە دوای بەخێرهێنانی بەشداران لەلایەن کاک "قادر مێهفەر" بەرپرسی کۆمیتەی ستۆکهۆڵمی حیزب، بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی كوردستان دەستی پێكرد.
دواتر خاتوو "نەسرین موهتەدی" بەنوێنەرایەتی لە لایان بنەماڵەکانی قارەمانی و موهتەدییەوە، كۆڕەكەی كردەوە و سپاسی بەدەنگەوەهاتن و هاوخەمی و بەشداری ئامادەبووانی کرد.
پاشان پەیامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لەلایەن هاوڕێی تێكۆشەر كاک حەمەڕەسووڵی كەریمی، ئەندامی ڕێبەریی حیزب و ئەندامی هەیئەتیی بەڕێوەبەریی دەرەوەی وڵات پێشكەش كرا.
بەڕێزیان لە پەیامەكەیدا چەند وتەیەکی لەسەر خەبات و تێکۆشان و هەروەها ڕابردووی گەشی کاک قاسم قارەمانی لە بواری پەروەردەدا، چ ئەو کاتەی وەک مامۆستای قوتابخانەکانی شاری سەردەشت و دەوروبەری بوو و چ دوای بوونی بە پێشمەرگە، پێشکەش کران.
هاوكات لە بەشێكی پەیامەكەیدا ئاوڕی لە ڕووداوەكانی ئێستای ناوچەكە دایەوە و لەژێر ڕۆشنایی سیاسەتە دروستەكانی حیزبدا لێكدانەوەی بۆ دۆخەكە كرد و ئامانج و ڕۆڵی خەبات و تێكۆشانی هاوسەنگەرانی لە وێنەی كاک قاسمی لە ڕێبازی دێموكراتدا بۆ گەیشتن بە كۆمەڵگەیەكی دێموكراتیک و ڕێزگرتوو لە مافی نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكان، بەرز و پڕ بایەخ نرخاند.
دواتر ئەندامی پێشووتری دەفتەری سیاسی و کەسایەتیی دیاری نێو ڕێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کاک "بابا عەلی مێهرپەروەر" باسێکی لەسەر تایبەتمەندییە هەرە باشەکانی کۆچکردوو لە بواری دڵسۆزی و بڕوای پتەوی ناوبراو بە ڕێبازی حیزب پێشکەش کرد.
لە بڕگەیەكی دیكەی كۆڕەكەدا، "ناسر حیسامی" شاعیر و نووسەری دیاری کورد پارچە پەخشانە پەیامێكی تایبەت بە یادی نەمر قاسم قارەمانی پێشکەش کرد.
دوای ناوبراو نۆرە گەیشتە سپاسنامەی بنەماڵەکانی خاوەنی پرسە بۆ هەموو ئەو کەسانەی چ لە کاتی ئاسایی و چ لە کاتی نەخۆشیدا بە خەمی کۆچکردووە بوون، هەروەها بڕێک لەسەر کەسایەتیی کاک قاسم قارەمانی و تەرخانکردنی بەشێکی زۆری تەمەنی بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلەکەی، کە لەلایەن "حەسەن قارەمانی"یەوە خوێندرایەوە.
هاوڕێ كاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی كە نەیتوانیبوو بەشداری كۆڕەكە بێت، پەیامێكی دەنگیی بە بۆنەی كۆچی دوایی كاک قاسم ناردبوو كە لە كۆڕەكەدا بڵاو كرایەوە.
بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکە تەرخان کرابوو بۆ لاوانەوەیەکی ڕەسەنی یارسان بە کوردیی خواروو كە لەلایەن هونەرمەندی مووزیکژەن و دەنگخۆش " قەنبەر خوسرەوی" پێشكەش كرا.
دوای ئەو بڕگە هونەرییە پەیامی "شەرمین بۆزئەرسەلان" سەرۆکی پێشووی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە سوید و هاوکاری پێشووی کاک قاسم قارەمانی لەو فێدراسیۆنەدا، لەلایەن "عەزیز مورادپەرست" خوێندرایەوە.
شێعرێک لەلایەن "عارف عەزیزی " ناسراو بە "ڕاوێژ " تایبەت بە کۆچی کاک قاسم پێشکەش کرا.
لاوانەوەیەک لەسەر شێعرێکی شاعیر ناسر حیسامی بە دەنگی "ڕەحمان نستانی" پێشکەش کرا.
دوای ئەو شێعرە نۆرە گەیشتە سپاسنامەی بنەماڵەکانی قارەمانی، شێخ ئاغایی و موهتەدی لە نێوخۆی وڵات و کورتەیەک لە ژیاننامەی کۆچکردوو لەلایەن" بیژەن قارەمانی" یەوە.
چەند بروسکە و پەیامیش لەلایەن حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتییەکانی کوردستان بە کۆڕەکە گەیشتبوون کە نێوەکانیان خوێندرانەوە.
پێویستە بگوترێ کە کاک قاسم قارەمانی دوای ماوەیەک بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشی، ڕۆژی ٥ی سەرماوەز لە شاری وێسترۆس کۆچی دوایی کرد و ڕۆژی 2024١٥ی سەرماوەز بە بەشداری ژمارەیەک لە کەسوکاری ناوبراو و ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب، لە گۆڕستانی شاری وێسترۆس بە خاکی غەریبی سپێردرا.