کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژاوای كانادا/ بەرێوەچوونی سێمینارێک بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز

11:40 - 20 سەرماوەز 2724

كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە شاری ڤەنكۆڤێری كانادا، بە بەشداریی دوكتور ئەحمەد محەممەدپوور مامۆستای زانكوی بێنتلی لە ئەمریكاوە سێمینارێکی بۆ كوردانی دانیشتووی شاری ڤەنكۆڤێر بەڕێوە برد.
سەرەتای ڕێوڕەسمەكە، هاوڕێ ڕەسووڵ سوڵتانی بە پێشكەشكردنی شێعرێک لەسەر پێشمەرگە بەرنامەكەی دەست پێ كرد، پاشان سروودی ئەی ڕەقیب خوێندرا و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی كورد و كوردستان ڕاگیڕا. 
پەیامی كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لەلایەن كەیۆمەرس بەیگی بەرپرسی كۆمیتەی حێزب پێشكەشی میوانان كرا.
هاوڕێ بەیگی لە پەیامەكەیدا باسی لەوە كرد كە چون حیزبی دێموكرات بە داهێنانی ناوی پێشمەرگە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی كۆماری كوردستانەوە تاكوو ئێستا كە هێزی پێشمەرگەی وەک هێزیكی بەرگریكار بۆ دەسكەوتەكانی گەلی كورد بە پەروەدەیەكی نیشتمانی و پێشكەوتووخواز بارهێناوە تاكوو لە داهاتوودا ئەم هێزە ببێتە هێزیكی كوردستانی، هەر بۆیە لە ئەدەبیاتی سیاسیی حیزبدا دەڵێن هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
لە بەشی دووهەمی سمینارەكە، دوكتور ئەحمەد محەممەدپوور بە شیكردنەوەیەکی ورد لەسەر مێژوی  زاڵبوونی تەواویتەخوازیی نەتەوەی باڵادەست بۆ ئینكار و ئاسێمیلەكردنی سیستماتیکی نەتەوەكانی دیكە لە ئێران و بەتایبەت نەتەوەی كورد هەر لە دەورانی ڕێژیمی پەهلەوی تاكوو كۆماری ئیسلامی ئێران ئەو شێوە بیرکردنەوە چ لەنێو ڕوشنبیران تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیش كە دەگاتە مافویستی گەلانی دیكە بەتایبەت گەلی كورد بە شێوەیەكی ئەمنییەتی و دژه ئێرانی چاو لێ دەكرێ.
دوكتور ئەحمەد بە فەكت هێنانەوە و بە چەندین ساڵ خوێندن و لێكوڵینەوەی زانستی لەسەر بابەتی مرۆڤناسی وتی: تاكی كورد دەبێ باوەڕی بە خۆی و نەتەوەكەی هەبێت و بۆ دەستەبەركردنی مافە ئینسانی و نەتەوەییەکانی خوی تێبكوشێ كە داگیركەرانی ڕوژهەڵاتی كوردستان نەتوانن شوناسی مافخوازی و نەتەوەیی لێ زەوت  بكەن.
لە بەشی دیكەی ڕێورەسمەكە بە دانانی گوڵ و لێدانی چەپڵە ڕێز لەو هاوڕێیانە گیرا كە چەندین ساڵ پێشمەرگە بوون. جێگەی ئاماژەیە تەنیا پێشمەرگەی حیزبی دێموكرات لەوێ ڕێزی لێنەگیرا، تەنانەت چەند پێشمەرگەی كومەڵەیش لەوێ بانگكران و گوڵیان پێشكەش كرا.
 بەرنامەكە بە بەشداریی بەرچاوی كوردانی دانیشتووی ڤەنكووڤێر بە پرسیار و وڵام لە دوكتور ئەحمەد محەممەدپوور كۆتایی پێهات.