دەزگای بەناو دادی ڕێژیم بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" سزای زیندانی بەسەر "ئەیووب دەماوەندی" هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشاردا سەپاند.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا" ئەیوب دەماوەندی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "دێڵزە"ی پیرانشار کە لە زیندانی نەغەدە دایە، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ڕێژیم لە شاری مەهاباد بە تۆمەتی ساختەی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" ٥ ساڵ و ١٥ ڕۆژ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.
ئەم هاووڵاتییە کورد، ڕێکەوتی ١١ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا و پاش یەک مانگ لێپرسینەوە لە زیندانی ورمێ، بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا.
ئەیوب دەماوەندی لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا، لە مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.
شایانی باسە پێشتر چوار هاووڵاتیی کوردی دیکە بە ناوەکانی "ئیدریس ئاڵی" و "ئازاد شوجاعی" خەڵکی سەردەشت، "ناسر بەکرزادە" خەڵکی ورمێ و "ڕەسوڵ ئەحمەد محەممەد" خەڵکی شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان، بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل و گواستنەوەی کەرەستەی تایبەت بۆ تێرۆری موحسێن فەخریزادە"، یەکێک لە بەرپرسانی باڵای بەرنامەی ناوکی ڕێژیمی ئێران، لەلایەن سیستمی بەناو دادی کۆماری ئیسلامییەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.