کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی ژنانی بەندکراوی بەندیخانەی لاکان سەبارەت بە یەکگرتوویی لە کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان

10:43 - 12 سەرماوەز 2724

کۆمەڵێک لە ژنانی بەندکراو لە بەندیخانەی لاکانی ڕەشت لە بەیاننامەیەکدا خوازیاری پشتیوانیی هەمەلایەنە و یەکگرتوویی گشتی بە دژی حوکمەکانی لە سێدارەدان بوون.

ئەم کۆمەڵە بەندکراوە کە لە کەمپەینی سێشەممەکانی نە بۆ لەسێدارەدان بەشدارن ڕایانگەیاندووە، لە ٤٥ـەمین حەفتەی مانگرتنی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان پێداگرتر لە ڕابردوو و هاوئاراستە لەگەڵ بەندکراوانی دیکەی بەشدار لەم کەمپەینەدا، مان لە خواردن دەگرن.

ژنانی بەندکراوی بەندیخانەی لاکان بە ئاماژەدان بە پەرەسەندنی جێبەجێکردنی حوکمەکانی سێدارە لەو بەندیخانەیە زیادیان کردووە "لە سەر درێژەدان بە مانگرتن جەخت دەکەینەوە تاکوو ئیرادەی خۆمان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سێدارە نیشان بدەین و لەسەر ئەو بڕوایەین کە بە یەکگرتوویی، هەوڵی گشتی و پشتیوانییەکانی خەڵک، دەکرێت ماشینی سێدارە ڕابگرین".

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سێدارە، ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی هەر بەندکراوێک بە هەر تۆمەتێکە و بۆ گەیشتن بەم ئامانجە هەوڵ ئەدەن.

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لەلایەن بەندکراوانی سیاسییەوە وەک هەڵبڕینی دەنگێکی مافخوازانە و ناڕەزایەتی بە لەسێدارەدانەکانی ڕێژیم، لە ڕێکەوتی ٩ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوییەوە دەستی پێ کرد و هەر حەفتە کۆمەڵێکی زیاتر لە بەندیخانەکانی ئێران پەیوەستی ئەم کەمپەینە دەبن.

سبەینی ١٣ی سەرماوەز، ٤٥ـەمین حەفتەی ئەم کەمپەینە لە زۆربەی بەندیخانەکانی ئێران بەڕێوە دەچێت.