
ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی سەرماوەز (٨ی دێسامبری ٢٠٢٤ )، ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی حیزب و کوردانی دانیشتووی شاری مۆلدە لە وڵاتی نۆروێژ، بە هاوبەشیی کۆمیتەی ناوچەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی ئۆلیسۆند و کۆمەڵەی کولتووریی کوردی ئەم ناوچەیە بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد و دواتر پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نوروێژ لە لایەن بەڕێز شەریف پیری بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لەو ناوچەیە، پێشکەش کرا.
لە پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی نوروێژدا هاتبوو: ناوی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، دوو دەسکەوتی گرینگی کۆماری کوردستانن کە بوونەتە هێمای شوناسی نەتەوەیی و سیمبۆلی خەبات و خۆڕاگری بۆ ڕزگاریی خاک و نیشتمان.
لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا هەرکەس لە بەشداربووان سەبارەت بە ڕۆژی پێشمەرگە وهەروەها ڕووداوەکانی ئەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو لە سووریە ڕای خۆیان دەربڕی.
کۆتا بڕگەی ڕێوڕەسمەکە تایبەت بوو بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداران بەم بۆنە پیرۆزەوە .