کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆربوونەوەی مەترسیی لەسێدارەدان بۆ ئەو ژنانەی دژی حیجابی زۆرەملێ دەوەستنەوە

12:26 - 22 سەرماوەز 2724

فاتمە موهاجرانی، وتەبێژی دەوڵەتی مەسعوود پزشکییان ڕایگەیاند، تا ڕاگەیاندنی یاسای نوێی ئیسلامیی ناوسراو بە "حیجاب و عیفاف" لە ڕۆژی هەینی ٢٣ی سەرماوەز، لەگەڵ مەجلیسی ڕێژیم لەسەر چۆنییەتی جێبەجێکردنی ئەو یاسایە لە کۆبوونەوەدان.

ناوبراو وتی بەپێی بڕیارنامەی نوێی مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامی، لەمەودوا ئەو ژن و کچانەی دژایەتیی حیجابی زۆرەملێ لە ئێراندا دەکەن، ڕووبەڕووی مەترسیی لەسێدارەدان و بەندکرانی درێژخایەن تا پانزە ساڵ و هەروەها لێدانی قامچی و پێبژاردنی سزای نەختیی ١٥ هەزار دۆلاری دەبنەوە.

لە بەشی ٣٧ی یاسای نوێی ئیسلامی سەبارەت بە "حیجاب و عیفاف"دا هاتووە: ئەوانەی کە "بێ بەندوباری" و "لابردنی حیجاب" یان "پۆشینی ناڕێکی جلوبەرگ" لە کۆمەڵگادا پەرە پێ دەدەن و بانگەشەی بۆ دەکەن، ڕووبەڕووی مەترسیی زیندانیکردن و پێبژاردنی سزای نەختی دەبنەوە و وە ئەگەر دەسەڵاتداران ڕەفتارەکانیان وەک نموونەی "افساد فی الارض" بناسن، بەپێی بەشی ٢٨٦ی یاسای سزادانی ئیسلامی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێنرێت.

هەروەها بەپێی بەشی ٦٠ی یاسا نوێیەکە، هەرکەسێک هەوڵی ڕێگریکردن لە دەسبەسەرکردن و ئازاردانی ژنان و کچان بەرامبەر بە حیجابی زۆرەملێ بدات ئەوە سزای زیندانیکردن و دانی سزای نەختی بەسەردا دەسەپێندرێت.

لە لایەکی دیکەوە لەو یاسایەدا هەڕەشە لە شیرکەتە بازرگانییەکان و شۆفێرانی تاکسی و میدیا و ناوەندە پەروەردەییەکان کراوە، کە ئەگەر حاڵەتێکیان دیت کە ژن و پیاو لە دژی حیجابی زۆرەملێن دەبێ بە ناوەندە فەرمییەکانی بناسێنن.

لە کاردانەوە بەم بڕیارنامەی نوێی مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە کە "ئەم یاسایە زوڵم و ستەم دژی ژنان و کچان توندتر دەکات کە لە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان ڕاپەڕین.