ڕووخانی دەسەڵاتە تیرۆریست و دیکتاتۆرەکان
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕووخانی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و جینایەتکاری ئەسەد و هەڵاتنی ناوبراو لە وڵاتی سوریا بووە جێگای خۆشحاڵی خەڵکی ناوخۆی ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات .
خەڵکی وەزاڵەهاتووی ناوخۆی ئێران و وەڕەز لە دەسەڵاتی خۆسەپێنی تاران، دیکتاتۆری بەشار ئەسەد بە درێژکراوە و شەریکی حکومەتی زاڵ لە تاران دەبینن و پێیان وایە شکستهێنان و ڕووخانی هێز و دەسەڵاتە تیرۆریست و دیکتاتۆرەکان لە فەلەستینەوە هەتا تاران لە بەرژەوەندی ژیانی ئازادانەی خەڵکی ناوخۆی ئێران و کوردستاندایە .
کوردستانی ڕۆژهەڵات کە لە باری هزری نەتەوەیی و سایکۆلۆژی گشتییەوە خاوەنی سۆزێکی دایکانەیە بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان، بە حەساسییەت و خۆشحاڵییەکی زۆر زیاترەوە شەنوکەوی ڕووداوەکان دەکات و بە هێزگرتنی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان کەیفخۆش و شوکرانەبژێرە .
خەباتی خوێناوی و کۆڵنەدەرانەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان فاکتەرێکی گرینگ بووە کە زلهێزەکان و بە تایبەت ئەو وڵاتانە کە نەزمی ناوچەکە دادەڕێژنەوە کوردستان و کورد لە پێش چاو بگرن. خواستی نەتەوەی کورد بۆ ژیانێکی شارستانیانە لە سەر خاکی خۆی، خواستێکی ڕەوایە و بێگومان پاک و خاوێنی هزری خەباتکاری کورد لە هەموو بارێکەوە دەتوانێ نەخشی کاریگەری ببێ لەوەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی وەک سەد ساڵی ڕابردوو سەرنجی پرسی کورد نەدەن .
بێهێزکردن و ڕووخانی یەک لە دوای یەکی مۆرە تیرۆریستییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە دوای کارەساتی تیرۆریستی حەوتی ئۆکتۆبر هیوایەکی مەزنی لە ناوچەکەدا دروست کردووە کە لە ئاکامدا ڕێژیمی ئاخوندیش وەک گەورە تیرۆریست و گەورە پاڵپشتی تیرۆریزم لە جیهاندا ، بڕووخێ .
پەرەگرتنی تیرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە فۆڕمی سوننەتیەوە بۆ تیرۆریزمێکی پڕچەک بە تێکنۆلۆژی سەردەم، بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆ ڕۆژئاواییەکان و بە شێوەی کردەییش لە پرسی ناوکی ڕێژیم و لە شەڕی ئۆکراین و حەوتی ئۆکتۆبری ئیسڕائیلدا خۆی پیشان داوە .
ئەزموونی ناسەرکەوتووی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریستەکانی کارەساتی یازدەی سێپتامبر لە ئامریکا ، وایکرد کە ئیسڕائیل و وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بەتایبەت ئامریکا بە شێوەیەکی دیکە لەگەڵ تێرۆریزمی ئیسلامی توندئاژۆ بجوڵێنەوە .
بەم پێیە پرسی سەقامگرتوویی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان چەند قات زیاتر گرینگی خۆی دەنوێنێ؛ سەقامگیری ڕۆژئاوای کوردستان دەتوانێ شوێندانەری باش و پۆزەتیڤ لە سەر هەر چوار پارچەی کوردستان و سوریا و ناوچەکە بە گشتی دابنێ . نەزمی نوێی ناوچەکە لە قازانجی ئاسایش و ئارامی وڵاتی ئیسڕائیل و ڕێڕەوی بازرگانی ئازاد و هەناردەکردنی وزە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا دادەڕێژرێتەوە . بۆیە زۆر گرینگە که ژینگەی کوردستان لە ئیدئۆلۆژی چەقبەستووی فیکری و دینی خۆی بە دوور بگرێ .
کۆتاییهاتنی دیکتاتۆری ئەسەد شوێندانەری گرینگی لە سەر ناوچەکە و ئێران دەبێ . لە شرۆڤەی لەناوبردنی هێزە تیرۆریستییەکانی ئێراندا بۆمان دەردەکەوێ کە بەپێچەوانەی خۆهەڵکێشانەکان و قسە بێ بنەماکانی کاربەدەستانی ڕێژیم هیچ تیرۆریستێک پارێزراو نابێ . ڕابردوو پیشانی دا کە حیزبوڵا کە خاک و هاژەک و هێزی ئینسانی زۆر زیاتری لە حەماس بەدەستەوە بوو لە زەمەنێکی زۆر کەمتردا لە چاو حەماس زەلیل و بێ دەست کرا. بەشار ئەسەدیش کە بە نیسبەت تیرۆریستەکانی حیزبوڵای لوبنان خاوەنی پلەیێکی بەرزتر لە دەسەڵاتداری دەوڵەتی و خاک و هاژەک و تەنانەت هێزێکی هەوایی سەقەتیش بوو زۆر زووتر لە حیزبوڵا ، گۆڕەپانەکەی بەجێهێشت و شکستی خوارد .
ئەم ئەزموونانە پیشان دەدات کە دەسەڵاتی ئاخوندی ئێران بەرەو ڕووخان دەڕوات و هیچ فێڵ و ڕێککەوتنێکی ژێربەژێر ناتوانێ ئەم ڕێژیمە تیرۆریست و جینایەتکارە بپارێزێ . حکومەتی ئێران لەگەڵ دەیان قەیرانی کەڵەکەبووی چارەسەرنەکراودا ڕووبەڕووە کە بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی بە کردەوە خەڵکی وڵات بە دژی حاکمییەتی ئاخوندی بوەستنەوە . ئەگەرچی شۆڕشی نەرم و پڕمانای ژن ، ژیان ، ئازادی نەیتوانی بناخەکانی ڕێژیمی تاران هەڵتەکێنێ بەڵام ئاڵاهەڵگران و شۆڕشگێڕانی ئەو شۆڕشە مەزنە هەر بە ئیمانەوە لە گۆڕەپانەکەدا ماون . ئەزمونی سوریا پیشانی دا خەڵک چیدی بۆ ئاڵتێرناتیوێکی بەرفراوان و گشتگیر ناگەڕێن و هەر هەلێکی مومکین دەتوانێ لە زەمەنێکی زۆر کەمتر لە شۆڕشەکەی سوریا ، دەسەڵاتی ئاخوندی لە تاراندا ژێرەوژوور بکات .
لە کۆتاییدا دەبێ باس لە دوو فاکتەری گرینگی دیکە بۆ کۆتاییهاتن بە ڕێژیمی ئاخوندی لە ئێراندا بکەین کە ئەویش هاتنە سەر کاری دۆناڵد تڕامپ سەرکۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکایە کە وەک بەڵێنی داوە کۆتایی بە شەڕی ئۆکراین دێنێ . لەوانەیە ڕێککەوتنێک کە کۆتایی بە شەڕی ئۆکراین بێنێ هاوکات کۆتایی بە دەسەڵاتی ئاخوندە تیرۆریستەکانی تارانیش بێنێ . دووهەم فاکتەریش ، مەرگی خامنەییە ، کە دەتوانێ خاڵی وەرچەرخان بێ بۆ ڕووخانی ڕێژیم لەم کاتە هەستیارانەدا و کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش زۆر بەوردی ئەم بابەتانە تاوتوێ دەکات و لە سەر خواستێکی نەتەوەیی شارستانیانە و ئازادیخوازانە ، خۆی بۆ پێشهاتە مەزنەکە ئامادە دەکات .