کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای عیفاف و حیجابی کرد

11:04 - 24 سەرماوەز 2724

کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان وتوویەتی یاسای بەناو "عیفاف و حیجاب" بووەتە هۆی کۆنترۆڵی زیاتری کۆماری ئیسلامی بەسەر جەستەی ژنان و هەڕەشەیەکی دیکە بۆ سەر مافەکانی ژنان لە ئێرانە.

کارناسانی ئەم کۆمیساریایە لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی هەینی ٢٣ی سەرماوەز پەسەندکردنی یاسای حیجاب و عیفافیان مەحکووم کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەم یاسایەیان کرد.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: لەحاڵێکدا بە پێی یاساکانی پێشوو، ڕەچاونەکردنی پۆششی دیاریکراو لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ڕووبەڕووی جەریمە و زیندان بووەتەوە، ئەم یاسایە سزای قورستر لەوانە وەکوو زیندانیکردن تا ١٥ ساڵ بەسەر ژناندا دەسەپێنێت.

ئەم کارناسانە هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم یاسایە ڕێگە بە دەسەڵاتی دادوەری دەدات بە پشتبەستن بە تۆمەتی "افساد فی الارض" سزای لەسێدارەدان بەسەر هێندێک لە ژناندا بسەپێنێت.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، بە گونجاندنی ئەم بیرۆکەیە لە بەرنامەکانی خوێندن و خولی ڕاهێنان و کەمپەینەکانی ڕاگەیاندنی گشتی، یاساکە هەوڵ دەدات سیستەمێکی ئیدئۆلۆژیکی دڵخوازی ڕێژیم بسەپێنێت کە ئازادیی ڕادەربڕین و بۆچوون و ئایین سنووردار بکات.

کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان دا کە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی و هەڵاواردن و، جیاکاریی ڕەگەزیی سیستماتیک و پێکهاتەیی لە کۆمەڵگای ئێراندا بەهێزتر بکات.

هەروەها مای ساتۆ، ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، پەیامێکی بە زمانی فارسی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس بڵاو کردەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسایە دەکات.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم ٧ی سەرماوەزدا ڕایگەیاند کە فەرمانی "حیجاب و عیفاف" لە ٢٣ی سەرماوەزدا ڕادەگەیەندرێت و لەودا ئەرکی هەر یەکێک لە دامودەزگاکان سەبارەت بە حیجاب دیاری کراوە.