کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی کۆمیتەی هاوکاریی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ستۆکهۆڵم

00:59 - 26 سەرماوەز 2724

ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣، کۆبوونەوەیەکی بەرینی هێزە سیاییەکانی کوردستان بۆ باس لەسەر گۆڕانکارییەکانی سووریە و ڕۆژاوای کوردستان لە شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سوید پێک هات.

لەو کۆبوونەوەدا، لایەنە سیاسییەکان تیشکیان خستە سەر دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریە و داهاتووی ڕۆژاوای کوردستان لە سۆنگەی ئەو ئاڵوگۆڕانەوە.

سەرەتا، نوێنەرانی سێ حیزبی ڕۆژاوای کوردستان دوائاڵوگۆڕ و پەرەسەندنەکانی ڕۆژاوای کوردستانیان هێنایە بەر باس.

لەم کۆبوونەوەیەدا ئاسۆی کێشەی کورد و مەترسییەکان لە ڕوانگەی ئەو لایەنانەوە باس کرا. ئەو خاڵانەی کە باس کران بریتی بوون لە: زووبوونی کات بۆ دیاریکردنی دوورەدیمەنی داهاتووی دەسەڵات لە سووریە، کورد بەشێک دەبێت لە داهاتووی کێشەکان کە پێویستی بە چارەسەریی ڕیشەیی هەیە، ترس لە دەسەڵاتێکی تۆتالیتێر و توندئاژۆ کە نەیهەوێ واقعییەتی جوگرافیایی و مێژوویی سووریە لە باری ئەتنیکی و مافی کەمە نەتەوە و ئایینەکان ڕەچاو بکات، مەترسی و نیگەرانیی وڵاتانی دراوسێ بوو کە ڕەنگە بە هۆی ئەوەی لە داهاتووی چارەسەریی کێشەی کورد و زەقبوونەوەی دەترسێن بیانهەوێ کێشە بۆ چارەسەریی ئاشتیانە درووست بکەن و  چاوەڕوانیی و ئەرکی پارچەکانی دیکەی کوردستان لەو پێوەندییەدا.

لە کۆتایی بەشی یەکەمدا، لایەنەکانی دیکەی بەشدار لە بەشەکانی کوردستان چەند سەرنج و پێشنیاریان خستە ڕوو.

"نیشتمان عەزیزی" نوێنەری کۆمیتەی سویدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ناوبراو پشتیوانیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک لەو پێوەندییەدا ڕاگەیاند و پێداگریی لەسەر ئاشتەوایی نیشتمانی و یەکگرتوویی گوتاری کوردی لەو بەشەی کوردستاندا کرد.

بەشداران لەسەر ئەوە کۆک بوون کە بۆ ئەو قۆناخە، کورد لە ڕۆژاوای کوردستان هەم دەبێ خۆی بۆ خەباتێکی بەهێزی دیپلۆماسی ئامادە بکات و هەم بەشەکانی دیکەی کوردستان یارمەتیدەر بن.

هەروەها لەسەر ئەوە هاوڕا بوون کە تەنیا نووسینەوەی دەستوور و گونجاندنی مافەکانی کورد لەو دەستوورەدایە کە دەتوانێ کۆتایی بە کێشەکان بێنێت و دەرفەت بێت بۆ ئاشتەوایی و گەشەی وڵاتی سووریە لە داهاتوودا.