کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوروێژ/ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەز لەلایەن کۆمیتە ناوچەکانی ئۆسلۆ و ڕۆمەریکە

01:04 - 26 سەرماوەز 2724

ڕۆژی شەممە ٢٤ی سەرماوەز (١٤ی دێسامبری ٢٠٢٤)، ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی حیزب و کوردانی دانیشتووی وڵاتی نۆروێژ، بە هاوبەشی لەلایەن هەر دوو کۆمیتە ناوچەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەکانی ئۆسلۆ و  ڕۆمەریکە بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد و دواتر پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نوروێژ لەلایەن بەڕێز ئەمیر باباخانی بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی ئۆسلۆ پێشکەش کرا.

لە پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی نوروێژدا هاتبوو: ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ٨ دەیەیە بۆ ڕزگاریی خاک و خەڵکی کوردستان پێشمەرگانە لە خەباتی بێپسانەوەداین و بە شانازییەوە ئاڵاهەڵگری ئەو ڕێبازەین کە ناوی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگە و ئاڵا و کۆماری کوردستانی پێک هێناوە. هەر لەو سەردەمەوە هەتا ئێستاش ئاشتی و ئاشتەوایی گوفتمانی بەردەوامی ئێمە بووە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو کە بە هەستکردن بەو ڕاستییە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جیاوازیی سیاسی و شێوە ڕوانینی جیاواز هەیە ئەمە نەک وەک خاڵێکی نەرێنی، بەڵکوو دەبێ وەک باوەڕمەندیی کورد لەم بەشەی کوردستان بە پلۆرالیزم و فرەڕەهەندیی سەیر بکرێت. بۆیە بۆ گەیشتن بەو قۆناغە ڕەنگە دوو چەمکی هاوبەشی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان واتە ئاڵا و پێشمەرگە، بۆ سازدانی گوتارێکی هاوبەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی یارمەتیدەر بن، بۆ ئەوەی لە ئەگەری سازبوونی هەر چەشنە بۆشاییەکی سیاسی، کورد یەکدەنگ و یەکڕیز بەرەو ڕووی ڕووداوەکان ببێتەوە.

لە بڕگەیەکی ئەم رێوڕەسمەدا، بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز سروود ئامادە کرابوو کە لەلایەن هاوکارانی کوردکاناڵەوە پێشکەش کرا.

لە بڕگەی کۆتاییدا لەلایەن هونەرمەندان مێهران مەحموودی و دڵسۆز جان و بە هاوڕێیەتی هونەرمەندی موزیکژەن دیار، کۆمەڵێک گۆرانی پێشکەش کران و بەشداربووانیش بە هەڵپەڕکێ و شادی دەڕبرین گڕ و تینێکی زیاتریان بە ڕێوڕەسمەکە دا.