
ڕۆژی شەممە ٢٤ی سەرماوەز(١٤ی دێسامبری ٢٠٢٤)، یادی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگە بە بەشداریی بەشێکی زۆری ئەندامان و دۆستان و لایەنگرانی حیزب لە سنووری کۆمیتە ناوچەی ویسفوڵد لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ساتیک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد و دواتر پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە نۆروێژ بەم بۆنەوە لەلایەن سمایل عەلیزادە، بەرپرسی کۆمیتە ناوچە پێشکەشی بەشداربووان کرا کە لە بەشێک لە پەیامەکەدا هاتبوو : یەکێک لە ڕووداوە گرینگەکانی پاش دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە ٢٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی بەرامبەر بە (١٧ی دیسامبری ١٩٤٥ی) زایینی لە شاری مەهاباد بوو کە بە هۆی گرینگیی ئەم ڕۆژە مێژووییە و ڕێزگرتن لە فیداکاری و قارەمانەتیی پێشمەرگە لە دوای شۆڕشی گەڵانی ئێران، لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان دیاری کرا.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی کۆمەڵەی کولتووری کوردی ناوچەی ویستفوڵد بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەزەوە لەلایەن حوسین بەقاڵییەوە پێشکەش کرا.
بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکە تەرخان کرابوو بۆ کێبڕکێی پرسیاری میژوویی و نەتەوەیی کە لەلایەن جەلال ئەشرەفزادە، بەرپرسی تەشکیلات و کۆمەڵەی کوردی ناوچەی وێستفۆڵد ئامادە کرابوون کە بوونە جێگای سەرنج و خۆشحاڵیی بەشداربووان و وڵامدانەوەیان لەلایەن بەشداربووانەوە.
بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکەش بە شایی و هەڵپەرکێی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.