کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەز لە واشنگتۆن دی سی

01:10 - 26 سەرماوەز 2724

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٤ی سەرماوەز (١٤ی دیسامبری ٢٠٢٤)، یادی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵا بە بەشداریی بەشێکی زۆری ئەندام و دۆستانی حیزب لە واشنگتۆن دی سیی ئەمریکا ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە پێشکەشکاری بەڕێز مەحبووبە حوسێنی بە سروودی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە شەھیدانی گەل دەستی پێ کرد. وتاری کۆمیتەی حیزب لەلایەن جەماڵ مەحموودزادە خوێندرایەوە، بەڕێزیان وێڕای سپاس و پێزانین بۆ بەشداربووان، باسی مێژوو و پیرۆزیی پێشمەرگە و ئاڵای کرد و ھەروەھا سەرنجی بەشداربووانی بەرەو ئاڵوگۆڕەکانی ھەنووکەیی ناوچەکە ڕاکێشا.

پاشان یەک گۆتاری و پێکەوەبوونی ھەموو ھێزە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانی بۆ چارەسەری بۆشایی سیاسی و گەیشتن بە ئامانجەکانی نەتەوەییمان بە گرینگ زانی. کاک ئارش ساڵح نوێنەری حیزب لە ئامریکا وتارێکی لەسەر پێشمەرگە و ئاڵا پێشکەش کرد. ڕێوەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودێک لەلایەن پێشمەرگەی دێرین کاک محەممەد داستان کە بۆ پێشمەرگە نووسرابوو، خوێندرایەوە و ڕێوڕەسمەکە بە ھەڵپەرکێی کوردەواری کۆتایی پێ ھات.