کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی جێژنی ٢٦ی سەماوەز لە ترۆندهایمی نۆرویژ

01:12 - 26 سەرماوەز 2724

ڕۆژی شەممە ٢٤ی سەرماوەز، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بەشداریی  ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و هەروەها کوردستانییانی شاری ترۆندهایم ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەزی بەڕێوە برد.

پاش بەخێرهاتنی میوانەکان لەلایەن کیمیا عەلیزادە وەک پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە و خوێندنی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، داوا لە کاک حوسین گولابی، بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرا کە پەیامی حیزب بەو بۆنەوە پێشکەش بە ئامادەبووان بکات.

هاوڕی حوسێن گولابی لە پەیامەکەیدا وێڕای بەرزڕاگرتنی ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، ئاوڕێکی کورتی لە گرینگی و بایەخی ئەو بۆنە پیرۆزە لە خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان دایەوە. لە بەشی دواتری جێژنەکەدا، پەیامی کۆمیتە ناوچەی پارتی دێموکراتی کوردستان کە بە هەیئەتێکی گشتی لە کۆمیتەی وڵات و ترۆندهایم پێکهاتبوو لەلایەن بەڕێز محەممەد ئەسکەندەر خوێندرایەوە، بەڕێز محەممەد ئەسکەندەر لە پەیامەکەیدا تیشکی خستبووە سەر گرینگیی مێژوویی ئەو یادە مەزنە.

لە بڕگەیەکی دیکەدا، کاک قادر شەریفزادە ئەندامی کۆمیتەی حیزب لە ترۆندهایم، لە چەند پەیڤێکی جواندا، خۆشحاڵیی خۆی لە ڕووخانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری بەشار ئەسەد دەربڕی و هاوکات یەکگرتوویی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان و پشتیوانی کوردستانیان لە چەسپاندن و وەدیهاتنی ماف و ئامانجەکانی نەتەوەکەمانی لە ڕۆژاوای کوردستانی بە ئەرکێکی حەیاتی دانا.

دوایین بەشی بەرنامە، بۆ گۆرانی و هەڵپەڕکی کوردی تەرخان کرابوو و هونەرمەندان شێرکۆ مەریوانی و ئاوات ئازەری جیژنەکەیان ڕازاندنەوە.

کۆمیتەی پارتی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی کۆمۆنیستی کوردستانی ئێران بە هێنانی چەپکەگۆڵ ڕێزی خۆیان لە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان و ئاڵا دەربڕی.