
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری لینشۆپینگ و بە بەشداریی کوردانی دانیشتووی ئەم شارە و دەوروبەری ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان بەڕێوە چوو.
پاش بەخێرهاتنی میوانان لەلایەن بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکە، کاک برایم عەزیزی، رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی سۆید لەلایەن کاک کەماڵ حەسەنپوور ئەندامی چالاک و لەمێژینەی حیزبی دێموکراتەوە پێشکەش کرا.
لە بەشێک لە پەیامەکەدا ڕۆڵ و نەخش و کاریگەریی هێزی پێشمەرگە و خۆشەویستیی ناوی پێشمەرگە و ئەرکی پێشمەرگانە لە قۆناخی ئێستادا گرینگیی تایبەتی پێ درابوو.
دواتر پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە زمانی سویدی لەلایەن خاتوو باوان هەمزەوە خوێندرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا داوا لە نوێنەری سۆسیال دێموکراتەکان لە شاری لینشۆپینگ کرا کە وتەکانی پێشکەش بکا.
کۆمەڵێک حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی کوردستان بەو بۆنەوە پەیامی پیرۆزباییان ناردبوو، کە وێڕای سپاس بۆ بەشداری و پیرۆزباییەکانیان، لەلایەن بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکەوە نێوەکانیان خوێندرایەوە. ئەم لایەنە سیاسییانە بریتی بوون لە: پارتی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێری کوردستانی ئێران و حیزبی شیوعیی کوردستان.
بەشی دووهەمی ڕێوڕەسمەکە بۆ بەشی هونەری تەرخان کرابوو.