کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانمارک/ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی شەوی یەڵدا و ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان

20:43 - 26 سەرماوەز 2724

ڕۆژی شەممە ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣، ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزگرتن لە شەوی یەڵدا، شەوی لەدایکبوونی ڕێبەری گەروەی کورد د. قاسملوو و هەروەها ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە شاری هۆرسێنس لە ناوچەی میت یوولەندی وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو.

ئەم ڕێوڕەسمە لەلایەن کۆمیتەی حیزب و یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی رەقیب" و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ناو و یادی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کردووە.

دواتر لەلایەن سلێمان کەریمی و پەیوەست خەلیلیەوە بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی حیزب و یەکیەتیی لاوان، بە خێرهاتنی میوانان کرا و ڕیزبەندی کاری ڕێوڕەسمەکە پێشکەش کرا.

دواتر پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دانمارک لەلایەن پێشەوا ڕەزایی، بەرپرسی کۆمیتە ناوچەی میت یوولەندەوە پێشکەش کرا.

ناوبراو لە بەشێک لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە پیلانە تێرۆریستی و ترسنۆکەکانی ڕێژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان لە دژی ڕێبەرانی گەلی کورد کرد و باسی لەوە کرد کە گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە خێرایەکی زۆر بەرەو پێش دەچن، و ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندی و دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە لە هەموو بوارێکەوە لە داڕووخان و پاشەکشەدان.

پاشان پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دانمارک لەلایەن پەیوەند خەلیلییەوە پێشکەش کرا.

لە نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکەدا بەشێک تایبەت بە منداڵان تەرخان کرابوو کە بە پێشکەشکردنی دیاری بە منداڵان و چەند یارییەکەی منداڵانە بوو بە هۆی دڵخۆشیی منداڵانی بەشدار بوو.

لە بڕگەیەکی دیکەدا کە لەلایەن بەشی ڕاگەیاندنی کۆمیتەی حیزبەوە لە دانمارک ئامادەکاری بۆ کرابوو، بە بەشداریی هونەرمەند کاوە کەواڵی، کۆمەڵێک گۆرانی و مۆزیک بە زاراوە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردی پێشکەش کران و هەروەها بە بەشداریی هاوڕێیان خاتوو کەژوان یووسفی، ئیبراهیم ڕەسووڵزادە و ئەحمەد ڕەحمانییەوە چەند پارچە شێعر و پەخشان پێشکەش کران.

ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداران کۆتایی پێ هات.