
ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣، ڕێوڕەسمێک لەلایەن کۆمیتەی بریتانیای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزب، بە بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، لە شاری بیرمێنگهام بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.
پاشان کاک عەلی ئەشرەف مورادی کادری دێرینی حیزبی دێموکرات بە نوێنەرایەتیی کۆمیتە پەیامی حیزبی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
بەڕێزیان لە پەیامەکەیدا پێشمەرگەی وەک هێزێکی هەڵقوڵاوی ناو جەرگەی خەبات ناو برد کە دەستی بە بەرخۆدان کردووە و داکۆکی لە ناسنامە و پێگەی مرۆڤایەتی گەلی کورد دەکات و گیانی خۆی فیدای ئازادیی کورد و کوردستان کردووە و ئاماژەی بەوە کرد کە ٢٦ی سەرماوەز بە ناوی دوو هێمای بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد؛ ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان ناودێر کراوە کە هەردووکیان لە دەسکەوتە بەرز و سەمبولیکەکانی کۆمارە مەزنەکەی کوردستانن.
لە برگەیەکی تری ڕێوڕەسمەکە ڤیدیۆی دێکۆمێنتاری پێشمەرگە نمایش کرا و بەدوای ئەودا سروودی خوایە وەتەن ئاوا کەی پێشکەش بە بەشداربووان کرا.
پێشمەرگەی سەنگەر کاک عەلی شاداب کورتە بیرەوەرییەکی گێڕایەوە و بەدوای ئەودا ئەژین مودەڕسی لاوی دێموکرات وتارێکی لە سەر ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان بە زمانی ئینگلیسی خوێندەوە و هاوڕێ کەماڵ حەسەنپوور پەخشانێکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
لە نێوئاخنی ڕێورڕەسمەکەدا لەلایەن بەڕێوەبەرانی ئەم ڕێوڕەسمە، فاتمە سەید ئیبراهیمی و ئەحمەد ژیان مودەڕسی چەندین پارچە شێعر و پەخشان پێشکەش کرا.
لە دوایین بڕگەدا هونەرمەندان ئیبۆ میرا و هاوبیر محەممەد بە چەندین گۆرانی و سروود ڕێوڕەسمەکەیان ڕازاندەوە.
شایانی باسە کە نوێنەرانی هەر یەک لە پارتی دێموکراتی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و هەروەها كۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی كوردستانی ئێرانیش بەشدار بوون و پەیامی خۆیان گەیاندە کۆمیتەی حیزب لەو وڵاتە.