
ڕوژی شەممە ٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٤/١٢/)٢٠٢٤ بو ڕێزگرتن لە ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان، ڕێوڕەسمێک لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و نوێنەرایەتیی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەڕێوە چوو.
سەرەتا لەلایەن بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمەکە کاک حوسێن خاڵخاڵ بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا و بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی حیزب پیروزبایی جێژنی ٢٦ی سەرماوەز لە بەشداران، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانییانی خۆڕاگری سیاسی و سەرجەم گەلی کورد کرا.
سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان کرانە دەستپێکی ڕێوڕەسمەکە و پاشان لەلایەن خاتوو مونیرە نێگەهدار بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی ئوتریش پەیامی کۆمیتەی حیزب بەم بۆنەیەوە خوێندرایەوە.
پەیامی پارتی دێموکراتی پێشڤەڕۆی کورد لە سووریە لەلایەن محەممەدئەمین یووسف پێشکەش کرا.
دوابەدوای خوێندنەوەی پەیامەکان، هەر یەک لە هاوڕێیانی حیزبی بەڕێزان کاک دوکتۆر خوسرەوی بەهرامی، کاک عارف غەریبی و کاک کەیۆمەرس شاهسواری و کاک حوسێن خاڵخاڵ بە گێڕانەوەی چەند بیرەوەریەک لە ڕۆژانی پێشمەرگایەتیان ڕێوڕەسمەکەیان ڕازاندەوە.
پەخشانی "شانۆی سروشت" کە بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەزەوە نوسرابوو لەلایەن محەممەد فەقێ عەلیەوە پێشکەشی بەشداربووان کرا.
لەلایەن کاک ئەفشین ئەقدەسییەوە وەک ڕێزگرتن لە ٢٦ی سەرماوەز چەپکەگوڵێک بۆ هاوڕێیانی کۆمیتەی حیزبی نێردراوبوو، کە سپاسی کرا.