کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی جێژنی ٢٦ی سەماوەز لە کۆمیتە ناوچەی ئۆستفۆڵدی نۆرویژ

21:00 - 26 سەرماوەز 2724

ڕۆژی شەممە ٢٤ی سەرماوەز (١٤ی دێسامبری ٢٠٢٤)، ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەکانیان لە کۆمیتە ناوچەی ئۆستفۆڵد و هەروەها کوردانی دانیشتووی ئەو ناوچەیە لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.

ڕێورەسمەکە بە داگیرساندنی مۆمی بەردەوامیی خەبات لەلایەن دوو فەرماندەری ڕۆژە سەختەکانی خەباتی شاخ بەڕێزان ئەحمەد عەزیزی و ئەحمە پادگانی و هەروەها هاوڕێیان سیما ئەحمەدی و هاسیە ڕەسووڵی و دوو لاوی دێموکرات مەگروون ئەحمەدی و هانا قادرزادە دەستی پێ کرد و دواتر ئاڵای کوردستان وەک هێمای درێژەدان بە خەبات درایە دەست دوو لاوی تێکۆشەری یەکیەتیی لاوان.

پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ لەلایەن هاوڕێ پەخشان فەتاحی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمیتە ناوچەی ئۆستفۆڵد پێشکەش کرا کە لە پەیامەکەدا ئاماژە بە دۆخی شڵەژاوی ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران و سەرهەڵدانی ڕاپەرینی ژینا و ڕووخانی بناغەی ئابووری و سیاسی ئەو ڕێژیمە کرابوو و هەروەها پێکهێنانی گوفتمانی هاوبەش و بەرەیەکی یەکگرتوو لە ئەگەری سازبوونی هەر بۆشاییەکی سیاسی وەکوو زەروورەتێک بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی پێ کرابوو.

 ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان، کۆمەڵی کوولتووری کوردی و کۆمەڵەی هونەرمەندان پەیامێکی هاوبەشیان هەبوو کە لەلایەن بەڕێز قادر عەزیزبەیگی بەرپرسی کۆمەڵەی کوولتووری کوردی خوێندراوە و هەروەها پەیامی پیرۆزبایی پێشمەرگە دێرینەکان لەلایەن بەڕێز خدر میراواییەوە پێشکەش کرا.

 نێوئاخنی بەرنامەکان بە پەخشانێک لەلایەن حەسەن ئەمینی "غەمبار" و  چەند سروودی شۆڕشگێڕی لەلایەن هۆنەرمەندی دەنگخۆش پیران قادرزادە و هاوڕێیانی کۆمەڵەی هۆنەرمەندان لە ناوچەی ئۆستفۆڵد پێک هاتبوو.

جێگای ئاماژەیە کە چەند هێز و لایەنی کوردستانی بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز برووسکەی پیرۆزباییان بۆ کۆمیتە ناوچەی ئۆستفۆڵد ناردبوو کە بریتین لە: پارتی دێموکراتی کوردستان،  کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و  پارتی ئازادی کوردستان-پژاک.

کۆتا بڕگەی بەرنامەکە بە پێشکەشکردنی کۆمەڵێک گۆرانی شاد لەلایەن هونەرمەندان ڕافا سەرڕووت و پێشڕەو و گۆڤەند بەڕێوە چوو و بەشداربووانیش بە هەڵپەڕکێ و ڕەشبەڵەکی جوانی کوردەواری کۆڕەکەیان ڕازاندەوە.