گەردەلولی ئەقسا یان کۆتایی ئۆختاپووس!
ڕەزا دانشجوو
لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە ناوی "گەردەلولی ئەقسا" کە لەلایەن حەماسەوە وەرێخرا و ڕاستەوخۆ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پلانی بۆ داندرابوو و چەند ڕۆژێکی خایاند، هێزەکانی حەماس دەیان موشەکیان ئاراستەی شار و شارۆچکەکانی ئیسرائیل کرد و دواتر لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەنێو خاکی ئیسرائیلدا سەدان کەسیان کوشت و بریندار کرد و هەندێکیان وەک یەخسیر و بارمتە لەگەڵ خۆیان برد.
ئەم ئۆپراسیۆنە کە ڕاستەوخۆ لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی سپای پاسدارانەوە پلانی بۆ دانرابوو و بە حەماس جێبەجێکرا، دەیەویست وێڕای بەلارێدابردنی دۆخی قەیراناوی نێوخۆیی کۆماری ئیسلامی لە سەروبەندی دانوستانە ئەتۆمییە نوێیەکان لەگەڵ گرووپی (١+٥) توانایی ڕژیم بۆ مامەڵە کردن و چەنەلێدان و وەرگرتنی هەرچەشنە ئیمتیازێک زیاد بکات.
ساڵێک و چەند مانگێک دوای ئەم ئۆپەراسیۆنە، شیکاریی داتاکان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەوەی لە ڕاستیدا ڕووی دا بەتەواوی پێچەوانە بووە و ئەم ئۆپەراسیۆنە شکستخواردووە سەرەتای کۆتاییهاتنی میحوەری بەناو مقاوەمەت لە ڕوژهەڵاتی نێوەڕاست بە پیلانگێڕی کۆماری ئیسلامی بوو! لە درێژەدا بە کورتی باس لە شکستی ڕەها و لە ڕاستیدا ڕووخانی یەک لە دوای یەکی ئەڵقەکانی میحوەری شوومی بەناو مقاوەمەت دەکەین.
کلک و گوێ لەبری سەری ئۆختاپووس
لە کاتێکدا هەر لە سەرەتای وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ ئەم هێرشانە، زۆرێک لە شرۆڤەکاران چاوەڕوانی ئەوە بوون ئیسرائیل ڕاستەوخۆ وەک ئەنجامدەری سەرەکی ئەم ئۆپەراسیۆنە ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی ببێتەوە، بەڵام سیاسەتمەدارانی ئیسرائیل بە ئاگاداری لە دۆخی ناوچە و بەپێی خوێندەوەی ڕاستییەکان، سەرەتا هەوڵیان دا هەتا دەکرێت توانایی پشتیوانی و وەڵامدانەوەی بەکرێگیراوانی ڕێژێم لە ناوچدا کەم بکەنەوە. هێرش بۆ سەر غەززە و هەوڵی هاوکات بۆ نەهێشتنی فەرماندە باڵاکانی حەماس بەشی یەکەمی ئەم پلانە بوو و ئیسرائیل توانی بە تێرۆر و لەبەینبردنی نزیکەی هەموو سەرکردە باڵاکانی حەماس و تێکوپێکدانی ژێرخانی سەربازیی و داگیرکردنی غەززە بە تەواوەتی ئامانجەکانی خۆی بگات.
سەرەڕای هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ ئیسرائیل لە دوای تێرۆری ئیسماعیل هەنیە لە تاران، دیسان ئیسرائیل خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕێژیم بەدوور گرت. هاتن و بەشداری لەناکاوی حیزبوڵڵا بۆ مەیدانی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بە فەرمانی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامییش نەک هەر نەیتوانی کێشەکانی میحوەری مقاوەمەت چارەسەر بکات، بەڵکوو ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ لەنێوچوون و نوقمبوونی زیاتری بەرەی مقاوەمەتی ڕێژیم لە تاڵاویی شەڕدا. ئەمجارەش ئیسرائیل بە گرنگیدان بە دوو خاڵی گرنگ لە ژیان و مردنی گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک حیزبوڵڵا، بە سیاسەتی نەهێشتن و لەنێوبردنی سەرکردە باڵاکانی ئەو ڕێکخراوە لە لایەک و نەهێشتنی توانا سەربازییەکانی لە لایەکی دیکەوە توانی ئاراستەی ڕووداوەکان بە تەواوەتی بە قازانجی خۆی بگۆڕێت. ئێستا ڕێژیمی داماو و کڵۆڵی کۆماری ئیسلامی بارودۆخی بەکرێگیراوانی لە هەمیشە لاوازتر و نالەبارتر دەبینێت. ئەو بەکرێگیراوانەی کە ئیستا لە جێی جێبەجێکردنی فەرمان و ڕاسپاردەکانی ڕژیم لە ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون و پاراستنی خۆیان دەگرن و لە ڕاستیدا تەنیا بیر لە مانەوە دەکەنەوە.
شاورمە بە تامی ڕووخان
لاوازبوونی هێزەکانی بە وەکالەتی ڕێژیم بە تایبەتی حیزبوڵای لوبنان کە بۆ پاراستنی ڕێژیمی بەشار ئەسەد کاریگەری و بوونی بەسوودیان لە سووریە هەبوو، دەرفەتێکی زێڕین بوو بۆ نەیاران و هێزە ڕکابەرەکانی ئەسەد و کۆماری ئیسلامی کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە لایەن تورکیەوە سەرکردایەتی دەکران و ماوەیەکی زۆر بوو ئامادەی ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاو بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بوون. هەرچەندە وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی هەوڵی دا لە نمایشێکی گاڵتەجاڕیدا بە خواردنی شاورمە لە دیمەشق دۆخەکە ئاسایی نیشان بدات، بەڵام تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک نیشانی دا کە ڕێژیمی بەشار ئەسەد توانایی بەربەرەکانیی نییە و دەڕوخێت. سەبارەت بەوەی بۆچی کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی بەشار ئەسەد دەستوەردانی نەکرد دەتوانرێت بە ئاماژەدان بە قسەکانی خامنەیی دوای ڕووخانی ئەسەد بگوترێت کە کۆماری ئیسلامی ئاشکرا لە تێکەڵاوبوون لە شەڕێکی تازە لەگەڵ ئەو هێزانەی دژایەتیی ئەسەدیان دەکرد و هەڵبەت ئەگەری ڕووبەڕوبونەوە لەگەڵ ئیسرائیل لە کاتێکدا کە هێزە بەکرێگیراوانی ڕێژیم توانایی شەڕ و خۆڕاگرییان نەماوە دەترسا. هەر بۆیەش ڕێژیم بڕیاری دا و لە ڕاستیدا مەجبوور کرا بینەری قوربانیبوون و تێداچوونی ئەسەد بێت؛ بەڵام دەرفەتێکی بۆ نۆژەنکردنەوە و دووبارە ڕێکخستنەوەی هێزە بەکرێگیراوەکانی هەبێت. جێی ئاماژەیە کە ڕووسیەش بە هۆی سەرقاڵبوونی لە شەڕی ئۆکرایندا نە توانایی دەستوەردانی زیاتری هەبوو و نە پاڵنەرێکی هەبوو بۆ دەستوەردان! لە هەموویان گرنگتر سوپای بێوەرە و بێئەنگیزەی ئەسەد بوو کە نە توانایی شەڕکردنی مابوو و نە هێزێک بۆ شەڕکردن!
ڕاستی ئەوەیە کە ڕێژیمی بەشار ئەسەد ساڵانێکە لەنێو گەڵانی سووریەدا ڕووخاوە و نەماوە وەک نەخۆشێک کە جەڵتەی مێشک لێیداوە و لە ڕوانگەی پزیشکیی مێشکی مردوە و هیچ هیوایەک بۆ گەڕانەوەی نییە و تەنیا بە یارمەتی و پاڵپشتی ئامێرە تایبەتەکان زیندووە و بە کووژانەوەی هەر ئامێرێک ژیانی کۆتایی پێ دێت!
لە کۆتاییدا دەبێت بگوترێت کە لێکدانەوەی هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە تاڵیبان نیشانی دا کە بەپێچەوانەی دروشمە پووچەکانی سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕێژیم ئامادەی دانوستان لەگەڵ هەر گرووپێک یان ڕێکخراوێکە، تەنانەت ئەگەر مێژووی دوژمنایەتی و شەڕیان لەگەڵ یەکتردا هەبێت و لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە تەواو لە یەکتر دوور بن! لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا هەموو شتێک جێی مامەڵە و دانووستانە ئەگەر ئەمانج مانەوەی ڕژیم بێت! لە ڕاستیدا ڕێژیم دڵنیا لە ڕووخانی ئەسەد، پێی باش بوو شاهیدی قوربانیبوونی لەلایەن نەیارانییەوە بێت، ڕەنگە دواتر بتوانێت لەگەڵ نەیارانی ئەسەد لەسەر مێزی دانوستان دابنیشێت! ئێستا بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین گەشتەکەی عەراقچی وەزیری دەرەوەی ڕێژیم بۆ تورکیە دوای خواردن و چێژوەرگرتن لە شاورمە لە سووریە و دیدارەکەی لەگەڵ هاکان فیدان تەنها بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتیی کشانەوەی هێزەکانی ئێران و بابەتی پاراستنی شوێنە پیرۆزەکانی شیعەکان بوو و هیچی تر !
پەتی ڕزیوی کۆماری ئیسلامی و کۆتایی چیرۆکی ئۆختاپووس
ئێستا دوای ساڵێک و چەند مانگێک لە گەردەلولی ئەقسا، ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر دیارە، داڕمانی دۆمینۆواری پاشهاتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە. داڕمانێک کە لە حەماسەوە دەستی پێکرد و دواتر حیزبوڵڵا و بەشار ئەسەدی تێوەگلاوە. لە ڕاستیدا ئەو شێرپەنجەیەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ لەنێوبردنی دوژمنەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵاوی کردەوە، ئێستا بە ئاراستەی پێچەوانەدا، دوای ئەوەی تەوای جەستە و لەشی یەک لە دوای یەکی بەکرێگیراوەکانی ڕژیمی داگرت، بەرەو بنیاتنەر و خوڵقێنەرەکەی -کۆماری ئیسلامی- دەروات! ئاڵقە ژەنگاوییەکانی میحوەریی مقاوەمەت یەک لە دوای یەک دەکەونە خوارەوە و بەکردەوە ئێستا هیچ لەم زنجیرە کۆن و ژەنگاوییە نەماوە! ئۆختاپووسی بێ کلک و دەست و لاقی کۆماری ئیسلامی لە حالی گیانەڵڵا و دەمی ڕوح دەرچوونە!
ئێستا، نە هەڕەشەو قەسە بێ بنەماکانی ناوبەناوانەی حەسەن نەسروڵڵا، نە ئاژاوەگێڕییەکانی حەماس، نە بەشار ئەسەدی گۆێ لە زاری تاران، ناتوانن هیچ کارێک بۆ کۆماری ئیسلامی بکەن.
خاڵێکی دیکەی گرنگ کە نابێ لەبیر بکرێت، چارەنووسی ئەو کەس و حکوومەتانەیە کە ئومێدیان بە کۆماری ئیسلامی هەبوو. ساڵانێکە پەتی ڕزیوی کۆماری ئیسلامی جگە لە مردن و ماڵوێرانی هیچی تری نەبووە بۆ خزمەتکاران و بەکرێگیراوانی. ئەم ئیمامزادە ساڵانێکە دەکوژێت و تێدا دەبات، بەڵام تا ئێستا نە کەسی شیفا داوە و نە کەس شیفا دەدات.
لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە هەموو خزمەتکار و بەکرێگیراوێک وادەی بەسەرچوونێکی هەیە! بەشار ئەسەد نوێترین نموونەیە! ڕەنگە کۆتایی ئەسەد ببێتە وانەیەک بۆ هەموو ئەوانەی هێشتاش بۆ ڕزگاری و گەیشتن بە ئامانجەکانیان ئومێدیان بە پەتی ڕزیوی دەسەڵاتی وەلایەتی فەقێیە! هیوادار بە ڕێژیمێک کە خۆی هەر ڕۆژ زیاتر نوقم دەبێت و زۆر لەمێژە هیوای دەربازبوونیی نەماوە و دوا پەلەقاژەکانی تەنیا بۆ چەند ڕۆژ مانەوەی زیاترە!
ڕۆژێک لەناکاو جارێکی تر شەقامەکانی ئیران پر دەبنەوە لە هەڵمەت و نەڕەی شێرانەی شۆڕشگێڕان! ئەو ڕۆژە کۆتایی چیرۆکی ئۆختاپووسە! سەرەتایەک بۆ بنیاتنانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ لەسەر بنەمای مافی مرۆڤ و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی هەموو گەلان!
گەردەلولی ئەقسا سەرەتای کۆتاییهاتنی کۆماری ئیسلامی بوو! داڕمان و ڕووخانی هەموو ئەو شتانەی کە ملهوڕ و سەرکێش زەمانە، دیکتاتۆری وەلایەتی فەقیهـ، بەدرێژایی ساڵان و بە کوشتن و بە کوشتندانی هەزاران کەس و تێکدانی ئاسوودەیی و ژیانی ئاسایی و ئاوارەکردنی ملیۆنان کەس، بنیاتی ناوە!