ڕۆژی شەممە ١ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، وێبینارێکی سیاسی لە ژێر ناوی "دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داهاتووی کورد لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعس لەو ناوچەیەدا"، لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک، بۆ بەڕێز حیسام دەستپیش، چالاک و شرۆڤەکاری سیاسی، لە ژووری زووم بەڕێوە چوو.
وێبینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی " ئەی ڕەقیب" و ڕاگەیاندنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، لەلایەن ئەحمەد ڕەحمانیەوە دەستی پێ کرد و پاشان لەلایەن عەبدوڵڵا مەحموودیان بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی کۆمیتەی دانمارکەوە بە خێرهاتنی بەشداربووان کرا.
دواتر حیسام دەستپیش، باڵی کێشایە سەر ئەو بارودۆخەی کە ئێستا لە ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی بە دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعس لە سووریە دا هاتووە ئاراوە و بە تێر و تەسەلی هۆکار و پێش زەمینەکەی شرۆڤە کرد.
دەستپیش، لە بەشێکی دیکە لە باسەکەیدا، باسی لەوە کرد کە ئەم بارودۆخەی ئێستا کە لە ڕۆژهەڵات دا هاتووە ئاراوە، ئاکامی ڕووخانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد لە سووریە نەبوو و بە پێچەوانەوە دەرەنجامی درێژەدان و پەرەسەندنی ڕەوتی ئەو ڕووداوانە بوو کە دوای ڕووداوی ٧ی ئۆکتوبری ٢٠٢٣ زایینی هاتنە ئاراوە.
ناوبراو لە بەشێکی دیکە لە باسەکەیدا، وێڕای گرینگ نرخاندنی هاوسەنگیی ناوچەی ڕۆژهەڵات و سیستمی سیاسیی سووریای داهاتوو ئەگەر و مەترسییەکانی باس کرد و وتی کە بەر یەککەوتنی بەرژەوەندیی ئەو ئەکتەرە سەرکیەکانە کە لە دوو مێحوەری جیاوازدا هەنگاو دەنێن ، دەتوانێت سیمایەکی جوان بە هاوسەنگیی ناوچەکە ببەخشێت.
دەستپیش، پێ وابوو کە ئەگەر لە ئەنجامی ئەو هەلو مەرجەی کە لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە سووریە دا سەری هەڵداوە، سیستمێکی سیاسیی دیسێنترال بێتەوە سەرکار، گەورەترین دەستکەوت بۆ کورد دەژمێردرێت. لە بەر ئەوەی لە لایەکەوە کاریگەریی ئیستراتیژیک لە سەر پرسی کورد لە ناوچە دا دادەنێت و لە لایەکی دیکەوە بۆ ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان دەبێتە پاڵپشتێکی دیکە بۆ بەرەو پیش بردنی ناسیۆنالیزمی کوردی.
لە بڕگەی کۆتاییدا بەشداربووان بە پرسیار، تێبینی و سەرنجەکانیان سێمینارەکەیان دەوڵەمەندتر کرد و وڵامی پرسیارەکانیان درایەوە.