کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

به‌شداریی هه‌یئه‌تی حیزبی دێموکرات له‌ کۆبوونه‌وه‌ی شۆرای ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست لە مەراکش ( ڕۆژی دووهەم و کۆتایی)

19:12 - 3 بەفرانبار 2724

ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بەفرانبار ( ٢٢ی دێسامبری ٢٠٢٤)، کاتژمێر ١٠ سەرلەبەیانی دووهەمین ڕۆژی کۆبوونەوەی ئێس ئای دەستی بە کارەکانی کرد.

لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووهەمدا، نوێنەری ئەو حیزب و لایەنانەی کە لە ڕۆژی یەکەمدا نەیانتوانیبوو وتارەکانیان پێشکەش بکەن، بەشێکی بەرچاویان کاتیان پێ درا و وتارەکانیان پێشکەش کرد.

لە بڕگەی دواتری کۆبوونەوەکەدا، کار لەسەر بەیاننامەکان کرا. سەرەتا بەیاننامەیەکی ئێس ئای لەمەڕ کارکردن بۆ پاراستنی ژینگە و ئەرکەکانی ئێس ئای لەم پێوەندییەدا و  پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و ... بە تێکڕای دەنگ پەسەند کرا.

لەم بەشەدا زیاتر لە ٢٠ بڕیانەمە لە وڵاتانی بەشدار بڕیاریان لەسەر درا و بە تێکڕای دەنگی ئەندامانی ئێس ئای پەسەند کران. لە نێو ئەم بەیاننامانەدا بڕیارنامەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە تێکڕای دەنگ پەسەند کرا کە ئەمە دەقی بەیاننامەکەیە.

بەییاننامەی شاندی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان  بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست لە مەراکش                                        

١- پێشێلکارییەکان بە نیسبەت گەلی کورد و نکۆڵیکردن لە مافەکانی لەلایەن دەسەڵاتە سیاسییەکان بەردەوامە، داوا دەکەین ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست پشتیوانیی خۆی لە مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی کورد بکات و لە ڕێگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە دەوڵەتە پێوەندیدارەکان بە پرسی کوردەوە بکرێ کە چیدیکە نکۆڵی لە شوناسی نەتەوەیی کورد نەکرێت و مافەکانیان دابین بکرێت و کۆتایی بە ئەو پێشێلکارییانە بێنن .

٢- بە میلیۆنان منداڵی کورد لە خوێندن بە زمانی دایک لەلایەن ڕێژیمەکانەوە بێبەش کراون، بە دەیان کەس لە مامۆستایانی زمانی کوردی کە خۆبەخشانە وانەیان بە قوتابییان وتووە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەند کراون کە ئەمە دژایەتی لەگەڵ ڕێکەوتننامەی مافەکانی منداڵان و مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان هەیە و ئێمە داواکارین کە هەوڵی ئازادکردنی ئەم مامۆستایانە بدرێ .

٣- لە خۆپێشاندانە مەدەنییەکان و لە بزووتنەوەی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی) کۆمەڵێک چالاکڤانی کوڕ و کچ گیراون و ئێستاش لە زیندانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدان، داواتان لێ دەکەین بۆ ئازادکردنیان لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەوڵی ئازادکردنیان بدەن .

٤- ژینگەی کوردستان بە هۆی چاندنی مین لە شەڕەکانی ئێران و عێراق لەلایەن ڕێژیمەکانەوە مەترسییەکی گەورەی پێک هێناوە بۆ خەڵکی مەدەنی، داوا دەکەین لە ڕێگەی لایەنی پێوەندیدارەوە هەوڵی پووچەڵکردنەوە و هەڵگرتنیان بۆ بدرێ .

٥- گوشار بخرێتە سەر ڕێژیمی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکاران لە سنوورەکانی ئێران .

٦- لە ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست پرسی کورد بە شێوەیەکی وڵامدەرتر ڕێک بخرێتەوە و بەپێی پرۆژەی ئەمڕۆیی و کارا، بەتایبەت لە هەلومەرجی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەرفەتەکان بۆ پێداگری و بەداواداچوون بۆ مافەکانی کورد بقۆزرێتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ بەشێکی تری ئەندامان و نوێنەرانی بەشدار لە کۆبوونەوەی ئێس ئای دیدار و چاوپێکەوتنیان کرد.