کارناسانی باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە بەئامانجکردنی سیستماتیکی ژنانی بەهایی لە ئێران دەربڕی.
بە وتەی ئەو کارناسانە، ژنانی بەهایی لە ڕێگەی دەستبەسەرکردن، بانگهێشتکردن بۆ لێپرسینەوە، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، هەڵکوتانە سەر ماڵەکان، دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی کەسی، سنووردارکردنی ئازادیی هاتوچۆ و زیندانیکردنی درێژخایەن کراونەتە ئامانج.
لە ڕاپۆرتی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە زاری ئەو کارناسانەوە بڵاو کراوەتەوە کە: لە چوارچێوەی بەرفراوانی بەئامانجگرتنی ژنان لە ئێران و کێشەگەلی پێوەندیدار بە یەکسانیی ڕەگەزی، بووەتە هۆی پەرەسەندنی ئازار و ئەزیەت بۆ سەر ژنانی بەهایی، پەرەسەندنێک کە جێگای نیگەرانییە.
هەروەها کارناسانی کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە کە ئەم گوشارانە کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵێک کەس هەیە کە ڕووبەڕووی هەڵاواردن و ئازاردان دەبنەوە، بۆ نموونە ژنێکی بەهایی هەم وەکوو کەمینەی ئایینی هەمیش وەکوو ژنێک لە ئێراندا ڕووبەڕووی هەڵاواردنی سیستماتیک دەبێتەوە.
هەڵاواردنی سیستماتیک و ئازاردان و سنووردارکردنی کەمینەکان لە ئێراندا لە ژێر سێبەری سیاسەتەکانی ڕێژیم تەنیا بەهاییەکان ناگرێتەوە بەڵکوو هەموو نەتەوەکانی دیکە و پەیڕەو و شوێنکەوتی ئایینە جیاوازەکان لە ئێراندا ڕووبەڕووی ئەو چەشنە هەڵسوکەوتانە دەبنەوە.