کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

به‌ڕێوەچوونی ڕێورەسمی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و شەوی یەڵدا لە وڵاتی بێلژیک

22:57 - 4 بەفرانبار 2724

ڕۆژی یەکشەممە ۲۲ـی دێسامبری ۲۰۲٤ له‌لایه‌ن کۆمیته‌ی حیزبی دێموکرات و به‌ به‌شداریی نوێنه‌ری چه‌ندین حیزب و لایه‌نه‌وه‌ ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بەبۆنەی ۲٦ـی سەرماوەز و شەوی یەڵدا لە شاری ئانتوێرپێن لە وڵاتی بێلژیک بەڕێوە چوو.

سه‌ره‌تای ڕێوڕه‌سمه‌کە بە سروودی نەتەوایه‌تیی"ئەی رەقیب" و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

له‌ بڕگه‌ی یه‌که‌می ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا کاک حەسەن شەرەفی ئه‌ندامی ناوه‌ندی به‌ڕێوه‌به‌ریی حیزبی دێموکرات، وتارێکی لەسەر بارودۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پێویستیی یەکگرتویی و هاوکاریی هێزە سیاسییه‌کانی هەر چوار پارچەی کوردستان لەو گۆڕانە خێرایانەی ناوچەکەی گرتووه‌تەوە، پێشکه‌ش کرد.

ناوبراو له‌ نێواخنی وتاره‌که‌یدا وتی: "یەکگرتوویی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەگەری گۆڕانی گەورە لە ئێران و هاوکاریکردنی ئۆپۆزیسیونی ئێرانی بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی پێویستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌".

لە برگەیه‌کی دیکه‌دا هەر یەک لە نوێنەرانی پارتە بەشداربووەکان وتاری خۆیان لەژێر ناوی "مەزنایەتی ناوی پێشمەرگە" خوێنده‌وه‌.

دواتر له‌لایه‌ن به‌ڕێز حەسەن شەرەفییه‌وه‌ لەوحی سپاس وپێزانین پێشکەش بە چەندین تێکۆشەری دێرینی کوردستان کرا.

جێگای باسە لە لایه‌ن بەشی تەشکیلاتی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات له‌ وڵاتی بێلژیکه‌وه‌ لەوحی ڕێزلێنان پێشکەش بە وەرزشوانی بەتوانای کورد و که‌سایه‌تییه‌کی نیشمانپه‌روه‌ر فەرشاد گردکانە کرا.

ڕێوڕه‌سمه‌که‌ بە هەڵپەڕکێ و شادی له‌لایه‌ن به‌شداربووانه‌وه‌ کۆتایی پێ هات.