کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی مانگرتنەکان له‌ ٤٧ـه‌مین حه‌فته‌ی سێشەممەکانی نا بۆ له‌سێداره‌دان

10:24 - 14 سەرماوەز 2724

ژمارەیەک لە بەندکراوان لە ٢٥ بەندیخانەی ئێراندا، لە ٤٧ـه‌مین حه‌فته‌ی که‌مپه‌ینی سێشه‌ممه‌کانی نا بۆ له‌سێداره‌دان له‌هه‌مبه‌ر ده‌رکردنی سزای له‌سێداره‌دان بۆ شه‌ش که‌س له‌ به‌ندکراوانی سیاسیی ئه‌ندامی ئه‌و که‌مپه‌ینه‌، ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی.

به‌ندکراوانی ناڕازی به‌ له‌سێداره‌دان له‌ ٤٧ـه‌مین حه‌فتەی مانگرتن له‌ خواردندا لەهەمبەر بەردەوامیی ماشینی له‌سێداره‌دانی ڕێژیمی تاوان، ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی و ڕایانگه‌یاند که‌ ژماره‌ی له‌سێداره‌دراوانی ئه‌مساڵ گه‌یشتووه‌ته‌ ٧٤٣ که‌س.

ئه‌و که‌مپه‌ینه‌ به‌ ده‌رکردنی به‌یاننامه‌یه‌ک نووسیویەتی که‌ ده‌زگای به‌ناو دادوه‌ریی ڕێژیم بۆ ٦ که‌س له‌ به‌ندکراوانی سیاسی به‌ ناوه‌کانی وه‌حید به‌نی عامریان، پوویا قوبادی، بابه‌ک عه‌لیپوور، عه‌لی ئه‌کبه‌ر دانشوه‌ر، ئه‌بولحه‌سه‌نی مونته‌زێری و مه‌حه‌ممه‌د ته‌قه‌وی که‌ له‌ که‌مپه‌ینی نا بۆ له‌سێداره‌دان به‌شدار بوونه‌، سزای له‌سێداره‌دانی ده‌رکردووه‌. 

له‌م به‌یاننامه‌یەدا ڕه‌وتی دادگاییکردنی ئه‌و به‌ندکراوانه‌ به‌ "نادادپه‌روه‌رانه‌" له ‌قه‌ڵه‌م دراوه‌ و هاتووە که: ئیمان ئه‌فشاری، سه‌رۆکی لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم به‌ پشتبەستن بە   "زانیاریی داوەر " فه‌رمانی "قه‌تڵی حکوومه‌تی" به‌سه‌ر ئه‌و به‌ندکراوانه‌دا سه‌پاندووه‌.

هه‌روه‌ها له‌ به‌یاننامه‌ی ئه‌و که‌مپه‌ینه‌دا هاتووه‌ که‌ مێحراب عه‌بدوڵڵازاده‌، له‌ ده‌سبه‌رکراوانی بزووتنه‌وه‌ی "ژن، ژیان، ئازادی"، له‌ به‌ندیخانه‌ی ورمێ، سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ردا سه‌پاوه‌.

له‌و که‌مپه‌ینه‌دا هاتووه‌ که‌ له‌ ماوه‌ی سێشه‌ممه‌ی ڕابردووه‌وه‌ هه‌تا ئێستا زیاتر له‌ ٢٨ که‌س له‌ سێداره‌ دراون که‌ له‌و ڕێژه‌یه‌ ٢ که‌سیان منداڵ بوون.

‌ هەتا ئێستا ٢٥ بەندیخانەی: نەغەدە، ورمێ. خۆی، سەڵماس، کامێران، مەریوان، بانە، سەقز، بەندیخانەکانی ئێڤین ''بەندی ژنان، بەندی ٤ و ٨ی پیاوان''، قزڵحەسار''یەکەکانی ٣ و ٤''، ناوەندیی کەرەج، تاران، ئەراک، خوڕەماوا، ئەسەدئاوای ئێسفەهان، شەیبانی ئەهواز، نیزامیی شیراز، بەم، کەهنووج، مەشهەد، قائیمشەهر، لاکان، ڕەشت، ئەردەبێڵ، تەورێز و دەستگردی ئێسفەهان، پەیوەست بوونە بە کەمپەینی نا بۆ لەسێدارەدانەوە.