ڕۆژی شەممە ٢١ی دێسامبری ٢٠٢٤ بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان لە شاری شتووتگارت بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان ڕێوڕەسمێکی لە کومیتەناوچەی شاری شتووتگارت بەڕێوە برد .
ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد کە لە لایەن بەڕێز کاک محەممەد تاهۆ و چەند کەس لە گەنجانی بەشداربوو پێشکەش کرا.
دواتر بە چەند سات ڕاوەستان و بێدەنگی ڕێز لە ڕوحی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی نەتەوەی کورد و کوردستان گیرا.
لە دوای بەخێرهاتنی میوانانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان و ئەندامانی حیزب و بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە، پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن خاتوو بەهار حوسێنی و پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی لاوان، ژنان و خوێندکاران لەلایەن خاتوو ڕێژان مینبەری و پەیامی پێشمەرگە دێرینەکانی حیزب لەلایەن بەڕێز کاک ڕەشید فەهمی پێشمەرگەی دێرینی حیزبەوە خوێندرایەوە.
دوای چەند سروودێکی نیشتمانی لە لایان هونەرمەندانی بەڕێز بە پێدانی سپاسنامە و گوڵ ڕێز گیرا لە سێ پێشمەرگەی کەمئەندامی حیزب کە لەو بەشەدا کاک سوڵتان گوڵاوی وەک پێشمەرگەیەکی کەمئەندامی حیزب وتارێکی پێشکەش کرد.
لەو رێوڕەسمەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران میواندریی لەو حیزب و لایەنە سیاسییانە کرد کە میوانی جێژنی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان بوون.
ئەو حیزب و لایەن سیاسییانە بریتی بوون لە :پارتی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتی نیشتمانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان، حیزبی کۆمکار، کۆمەڵەی ڕێکخراوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پارتی ئازادی کوردستان، گرووپی دێموکراسی و فێدرالیزم بۆ ئێران و هەروەها بووندنێسی شاری شتووتگارت کە بە زمانی ئاڵمانی وتارێک و ئاهەنگێکیشیان پێشکەش کرد.
لە بەشی وتار و هۆنراوەی ئەنداماندا بەڕێز کاک ساسان خاتوونی وتارێکی لەسەر بۆنەکە خوێندەوە و هەروەها بەڕێز محەممەد بەلووچ لە دۆستانی کورد هۆنراوەیەکی پێشکەشی پێشمەرگە کرد.
بەشی کۆتایی جێژنەکە بە گۆرانیی هونەرمەندان محەممەد تاهۆ و سەلاح ڕەهگوزەر و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.