شیرین عیبادی، بەرپرسی ناوەندی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبێڵ، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بەفرانبار، دەرکردن و جێبەجێکردنی حوکمی بڕینەوەی دەست لە ئێرانی بە ئاسەوارێکی سەدەی ناوەڕاستی و سزایەکی دڕندانە و نامرۆڤانە ناو برد و پێداگریی لەسەر پێویستیی هەڵوەشاندنەوەی هەمیشەیی ئەم حوکمە وەحشیانە کردەوە.
عیبادی بە ئاماژەدان بە ناڕەزایەتیی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و گرووپە کۆمەڵایەتی و سیاسییە جۆراوجۆرەکان بەم سزا دڕندانە و نامرۆڤانەیە، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام نووسیویەتی: لە وڵامی ئەم بەرگە ناڕەزایەتی و ڕەخنانەدا، دەسەڵاتی دادوەری ڕایگەیاند کە بەهۆی نەبوونی قەدەغەکردنی شەریعەت و یاسایەک بۆ بێهێزکردنی ئەندام ڕێگەپێدراوە.
شیرین عیبادی ئاماژەی بەوەش کرد: "بێ گومان هاوشێوەی هەموو ئەو سزایانەی بۆ تاوانباران دەردەچن کە پەیوەندییان بە حکوومەتەوە نییە، ئەم بابەتە ناتوانرێت بە چاکە هەژمار بکرێت. بەڵام خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە ئەم قسانە دەرخەری زیادبوونی دەرکردنی حوکم و جێبەجێکردنی ئەم سزا نامرۆڤانەیە .
عیبادی زیادی کرد: لە سەردەمێکدا وڵاتانی وەک عەرەبستان گاڵتەیان پێ دەکرا لەسەر ئەو جۆرە سزایە، بەڵام ئێستا بە کردەوە کۆماری ئیسلامی لە بڕینەوەی دەستی تاوانباران پێشەنگە.
بەرپرسی ناوەندەی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ جەختی لەوە کردەوە: "تاکە بڕیاری قبوڵکراو سەبارەت بە سزای بڕینی بەشەکانی جەستە، هەڵوەشاندنەوەی هەمیشەیی ئەم حوکمە دڕندانەیە و شتێک وەکوو بێهۆشکردنی سزادراوەکە، لە ناحەزیی ئەم سزایە کەم ناکاتەوە.''
بڕینەوەی دەست یەکێکە لەو سزایانەیە کە بەهۆی دژایەتی لەگەڵ کەرامەتی مرۆڤایەتی، لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە ڕەخنەی بەرفراوانی لێ گیراوە.
بەپێی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان سزای نامرۆڤانە و سووکایەتی ئامێز قەدەغەیە. سەرەڕای ئەوەش کۆماری ئیسلامی بەبێ گوێدانە ناڕەزایەتییە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە جێبەجێکردنی ئەو جۆرە سزایانە بەردەوام بووە و بەرگریی لێ کردووە.