کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەکان ناتوانن تێچووی خوێندنی منداڵەکانیان دابین بکەن

12:04 - 10 بەفرانبار 2724

تێچووی زۆری خوێندن و بێبەشبوونی توێژی هەژار و دەسکورت لە ئیمکاناتی پێویست بۆ خوێندن و هەروەها باڵکێشانی گرانی و هەڵاوسان بەسەر بنەماڵەکان لە ئێران، بووەتە هۆی ئەوەیکە ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن هەروا زیاتر بێت.

حەسەن مووسەوی چەلەک، بەرپرسی ئەنجومەنی یاریدەدەرانی کۆمەڵایەتیی ئێران سەبارەت بە وازهێنانی قوتابییان لە خوێندن وتی: ''بنەماڵەکان ناتوانن تێچووی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی خوێندنی منداڵەکانیان دابین بکەن.

ناوبراو وتوویەتی: "تەنانەت ئەگەر بتوانرێت لە قوتابخانە دەوڵەتییەکانیش بخوێنرێت، ئەوە تێچووی زیادەی خوێندن بەسەر خێزانەکاندا دەسەپێندرێت.''

لە ئامارێکی نوێدا کە هێرانا بڵاوی کردووەتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا زیاتر لە دوو میلیۆن منداڵ لە خوێندن بێبەش بوون.

 لەو ئامارەدا هاتووە هەر سێ  پارێزگای سیستان و بەلووچستان، گۆڵستان و خوراسانی ڕەزەوی زۆرترین ڕێژەی وازهێنانیان لە خوێندن لە ئاستی ئێراندا هەیە. بە تایبەتی لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان ٤٧.٦ لەسەدی خوێندکاران بڕوانامەی تەواوکردنی خوێندنی دواناوەندی وەرناگرن.

سەرەکیترین و گرینگترین هۆکاری ئەم وازهێنانانە، کێشە و پرسەکانی ئابوورییە و ڕێژەی هەژاری لە کۆمەڵگەدا کاریگەریی لەسەر پرۆسەی خوێندن و گەشەی نەوەی نوێ داناوە.

هەروەها هۆشدارییەکان سەبارەت بە وازهێنان لە خوێندن زۆر جیددییە، بە جۆرێک کە ساڵی ڕابردوو شارەزایەکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیم لە لێدوانێکدا سەبارەت بە دۆخی منداڵان لە ئێران ڕایگەیاند کە یەک میلیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵ لە لێواری وازهێنان لە خوێندندان و ١٤ میلیۆن منداڵ لە نێو ئەو بنەماڵانەدا دەژین کە لانیکەم ناتوانن سەبەتەی خۆراکی خۆیان دابین بکەن.

هەڵاوسانی زیاتر لە ٤٠ لەسەدی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بووەتە هۆی ئەوەی کە پشکی خەرجییەکانی ماڵ و نیشتەجێبوون بگاتە ٧٠ بۆ ٨٠ لەسەد و بنەماڵەکان ناتوانن باقی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک خۆراک، جلوبەرگ و پەروەردە و خوێندن دابین بکەن.