کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانمارک/ بەشداریی هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزب لە کۆڕیادی کاک فەتاح خان ئەمیری

19:08 - 10 بەفرانبار 2724

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٨ی دێسامبری ٢٠٢٤ی زایینی کۆڕیادێک لە وڵاتی دانمارک بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک فەتاح خان ئەمیری لەلایەن بنەماڵەی گەورەی ئەمیری و قازییەوە بەڕێوە چوو.

هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک پێکهاتوو لە بەڕێزان ئەلبۆرز ڕووئین تەن، مەسعوود نادری و ئەحمەد ڕەحمانی بەشداری ئەم کۆڕیادە بوون. پەیامی کۆمیتەی حیزب لە دانمارک لەلایەن بەڕێز مەسعوود نادرییەوە خوێندرایەوە.

لە بەشێکی پەیامی کۆمیتەی حیزبدا هاتبوو: هەر وەک ئاگادارن بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە ڕێکەوتی ٢١ی دێسامبری ٢٠٢٤ ئەدیب و نووسەر و ڕۆماننووسی گەورەی گەل و نیشتمانەکەمان کاک فەتاح خانی ئەمیری بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری  بۆکان بۆ هەمیشە چاوەکانی لە سەریەک دانا و ماڵاوایی لە کۆڕی ئەدیبان، نووسەران، ئازیزان و خۆشەویستانی کرد.

کاک فەتاح خان لە ماوەی ژیانیدا خزمەتێکی گەورەی بە وێژە و ئەدەبی کوردی کرد. ڕۆمانە بە ناوبانگەکانی بە ناوەکانی زیندەخەو، هاوارەبەرە،  میرزا، گورگی برسی، چلە، زستانی سارد، مەر دەخۆی بیخۆ، ئەتۆ شوانت خوارد، گەواهیدەری ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەن.

لە دەستدانی ئەم مرۆڤە مەزنە خەسارێکی گەلێک مەزن و گەورەیە بۆ گەل و نیشتمانەکەمان و بنەماڵەی گەورەو بەڕێزی ئەمیری.