رۆژی یەکشەممە ٩ی بەفرانباری ١٤٠٣، ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی ڕێزگرتن لە شەوی لەدایکبوونی ڕێبەری گەروەی کورد د. قاسملوو و هەروەها ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان و سەری ساڵی نوێی زایینی لە شاری ئالبۆرگ لە ناوچەی نۆرد یوولەندی وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی رەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ناو و یادی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد و لەلایەن ئێقبال ساڵحیەوە بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی حیزب بە خێرهاتنی میوانەکان کرا.
دواتر پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دانمارک لەلایەن ئەمیر پاڵانیەوە پێشکەش کرا.
ناوبراو لە بەشێک لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە هەلومەرجی ئەوکاتی دامەزراندنی هێزی پێشمەرگە وەکوو سپای میللی کوردستان دا و وتی:" ئەمرۆ خەباتی کورد پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و پێویستە بە ئەزموون وەرگرتن لە گۆڕانکارییەکان و مێژووی تاڵی سەدەی ڕابردوو، دەرفەت و مەترسییەکانی سەر گەلەکەمان بە وردبینی و وشیارییەکی تەواوەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکردرێت.
پاشان پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی لاوان، ژنان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن خاتوو ئارەزوو ئێراننەژادەوە پێشکەش کرا.
لە نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکەدا پەخشانێک تایبەت بە ڕۆژی پێشمەرگە لەلایەن ئیبراهیم ڕەسووڵزادەوە پێشکەش کرا و بە نوێنەرایەتیی پێشمەرگە دێرینەکانی نیشتەجێی وڵاتی دانمارک، لەوحی ڕێزلێنان پێشکەش بە خاتوو تەیان عەبدوڵڵاهی، حوسێن حەسەنزادە و عەلی خانی کرا.
دواتر ئاڵای کوردستان و یۆبیلی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە نیشانەی درێژەدانی خەباتی ڕەوای گەکەلەمان لە لایەن کاک جەمشید خوسرەی و خاتوو تەیان عەبدوڵڵاهی، ئەندامانی لە مێژینەی حیزبەوە پێشکەش بە دوو تازەلاوی کورد بێژان مستەفاپوور و ئیبراهیم عەلیزادە کرا.
لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە وڵاتی دانمارک، سپاسنامەیەک بە بۆنەی ڕێزگرتن لە کار و چالاکی پێشکەش بە دەستەیەک لە ئەندامانی چالاکی حیزب لە وڵاتی دانمارک کرا کە بریتی بوون لە: هاوڕێیان شەیدا ساڵحزادە، مستەفا پاڵانی، تەیان عەبدوڵڵاهی، ڕێبوار قادری، زاگرۆس نەسروڵڵاهی، سمکۆ محەممەدزادە، سەلام سەدیقی، عومەر ڕەسووڵی، فەرزاد وەیس مورادی، مووسا جلی باقۆ، ئاکۆ کوردە، بەدرەدین یووسف شاهی و عەلی ڕەزا بایەزیدی.
شایانی باسە کە لەلایەن پارتی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆمەڵەی یەکگرتووی کوردستانەوە برووسکەی پیرۆزبایی بە بۆنەی شەوی یەلدا، ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستانەوە بۆ ئەو ڕێوڕەسمە نێردرابوون.
رێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداران کۆتایی پێ هات.