کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی ژنکوژی لە سنە/ سەحەر بوجار دوابەدوای هەوڵی هاوسەرەکەی بۆ کوشتنی لەژێر چاوەدیری چڕدایە

11:51 - 11 سەرماوەز 2724

ڕۆژی هەینی ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٣، ژنێکی تەمەن ٣٤ ساڵ بە ناوی "سەحەر بوجار" خەڵکی سنە، لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە هۆی داواکاری بۆ جیابوونەوە، بە چەقۆ کرایە ئامانج و بە هۆی قورسیی برینەکانیەوە لە بەشی چاوەدێریی تایبەتی نەخۆشخانەدا ڕاگیراوە.

کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاندووە: ئەم ژنە مانگێک پێش ئێستا داوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی کردووە و لە ماڵی دایکی ژیاوە، بەڵام چەند جار لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بۆ هۆی ئەم داواکارییەوە هەڕەشەی مردنی لێ کراوە و لە کۆتاییدا سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٣، لە بەرچاوی دایک و منداڵەکانیەوە بە چەقۆ لەلایەن هاوسەرەکەیەوە دەکرێتە ئامانج و زگ و قەفەزەی سینگی بە سەختی بریندار دەکرێ.

دۆخی ئەم ژنە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە و لە ڕۆژی شەممەوە بە هۆی پچڕانی سی و ڕیخۆڵە دوو جار نەشتەرگەریی بۆ کراوە و ئێستا لە بەشی چاوەدێریی تایبەتی نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی سنەدا لەژێر چاوەدێریدایە.

هەروەها بنەماڵەی بوجار لە ناوەندە پێوەندیدارەکاندا دژی داریووش ڕاشدنەسەب، سکاڵایان تۆمار کردووە.

سەحەر بوجار خەڵکی سنەیە. ناوبراو چەند ساڵ پێش هاوسەرگیریی لەگەڵ "داریووش ڕاشدنەسەب" کردووە کە ٢٨ ساڵ جیاوازیی تەمەنیان هەیە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەژاری لە هۆکارە سەرەکییەکانی هاوسەرگیریی سەحەر بووە. داریووش ڕاشدنەسەب پێشتر چەند جاری دیکە هاوسەرگیریی کردووە و چەندین جار توندوتیژیی فیزیکیی بەرانبەر بە سەحەر ئەنجام داوە. ڕاشدنەسەب پێشتر بێژەری کاناڵی تلویزیۆنیی پارێزگای سنە بووە و دوو منداڵی هەیە.

بەپێی ئاماری بڵاوکراوی کوردپا کە بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤامبرەوە بڵاو کرایەوە، لە ٢٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٣ هەتا ٢٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٤ بەگشتی ١٨ حاڵەتی ژنکوژی لە کوردستانی ئێراندا ڕوویان داوە.

١١ حاڵەت بە دەستی هاوسەر، ٣ حاڵەت بەدەستی باوک، یەک حاڵەت بە دەستی هاوسەری پێشوو، یەک حاڵەت بە دەستی برا و یەک حاڵەت بەدەستی کوڕ ڕووی داوە. هەروەها لە درێژەی قەتڵە خێزانییەکاندا منداڵێکی ساوا و کچێکی ١٢ ساڵان کوژراون. کێشە خێزانییەکان هۆکاری زۆربەی کوشتنەکانن.

 بە وتەی ئەوین مستەفازادە، وتەبێژی کوردپا؛ خۆکوژی و ژنکوژی لە کوردستان، پرسێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی و تێکئاڵاو لەگەڵ دۆخی کۆمەڵایەتی-ئابووری-سیاسیی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەیە. چونکە لەلایەکەوە لە پەراوێزخستن و لە دواکەوتوویی هێشتنەوەی کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی دەرفەتی گەشە و پەرەسەندنی لە تاکەکان سەندووە.