کۆچی دوایی ڕووحانییەکی نیشتمانپەروەر
بەداخەوە ئاگادار بووین کە ڕۆژی چوارشەممە ١٤ لەسەر ١٥\٠٩\١٤٠٣ (بەرامبەری ٤ لەسەر ٠٥\١٢\٢٠٢٤ی زایینی) زانای نیشتمانپەروەری ئایینی حاجی مەلا موحەممەدی شڵماشی لە شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستان کۆچی دوایی کردوە و داخێکی گرانی لەسەر دڵی ئەندامانی بنەماڵەکەی و زانایانی ئایینی و هەموو دۆستان و ئاشنایانی بەجێ هێشتوە.
مامۆستا مەلا موحەممەد برا گەورەی تێکۆشەری بەناو بانگ مەلا ئاوارەی شەهید و تێکۆشەری ناسراوی دێموکڕات کاک مستەفای شڵماشی بوو ولە تەواوی ژیانیدا لەگەڵ ئامانجەکانی حیزب بوو و پەیوەندییەکی پتەو و نیزیکی لەگەڵ ڕێبەرایەتیی ئەم حیزبە هەبوو.
حاجی مامۆستا ماوەیەکی کەم دوای ئیعدامی مەلا ئاوارەی شەهید لەدەست ئەزیەت و ئازاری دەزگا جاسووسییەکانی ڕێژیمی پاشایەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەجێهێشت و لە شاری سلێمانی گیرسایەوە. ساڵانێکی زۆر وەک وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتەکانی ئەم شارە مایەوە و پێگەیەکی پتەوی لە نێو خەڵک و زانایانی و تێکڕای پیاوە ئایینییەکان هەبوو کە دەکرێ بڵێین هەموو زانایانی ئایینی ئەو شارە خۆشیاندەویست. لە ساڵەکانی دواتردا وەک پەنابەر لە وڵاتی فێنلاند و دواتر وڵاتینامەشی وەرگرت، بەڵام هەمیشە دڵی لە کوردستان بوو و تەنانەت ساڵانە زیاتر لە شەش مانگ هەر لە سلێمانی دەژیا.
مامۆستا شڵماشی جگە لە ئەرکە ئایینییەکانی خەریکی کاری ئەدەبییش بوو و چەندین کتێبی بە نووسین و وەرگێڕان بڵاو کردەوە کە پێشوازییەکی زۆریان لێکرا. هەرلەو بوارەدا دیوانە شێعرێکیشی بڵاو کردەوە.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بۆ لەدەستدانی نیشتمانپەروەرێکی گەورەی وەک مامۆستا شڵماشی زۆر بەداخە و بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە هەموو ئەندامانی بنەماڵە بەڕێزەکەی بەتایبەتی هاوڕێی تێکۆشەر کاک مستەفا شڵماشی دەکا و سەبووری و تەمەنی درێژ بۆ هەمووان بەئاوات دەخوازێ. ڕووحی مامۆستا شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ.
ناوەندی ئیداری حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران
١٥\٠٩\١٤٠٣ (٠٥\١٢\٢٠٢٤)