ئەو ئازارەی لە ئێوەیە لە دڵی ئێمەشدایە
پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی کەمئەندامان
لە ڕەوتی خەباتی مافخوازانەی بزووتنەوەی کوردستان و حیزبی دێموکراتدا، کەم نین ئەو پێشمەرگە قارەمان و تێکۆشەرانەی لە سەنگەری بەرگریدا، یان بە هۆکاری تێرۆر یان لە کاتی بۆمباران و هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بنکەکانی هێزی پێشمەرگەدا، بەداخەوە بە توندی بریندار بوون و بەشێک لە جەستەیان بەختی ڕێگا و ڕێبازی گەلەکەیان کردوە.
یەکێک لەو ڕووداوە تاڵ و ناخۆشانەی کراوەتە نموونەیەک بۆ دیاریکردنی ڕۆژی کەمئەندامانی حیزبی دێموکرات، ڕووداوی تاڵی تێرۆری تێکۆشەری ناوداری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، مامۆستا مەلا حەسەنی شێوەسەڵییە کە لەو ڕۆژەدا بەڕێزیان لە ڕێگای چەند بەکرێگیراوێکی کۆماری ئیسلامییەوە و بەهۆی بۆمبێکی جێکراوە لە کتێبێکدا بەتوندی بریندار و چەند ئەندامێکی جەستەی لە دەست دا.
بێگومان ئەم ڕووداوە تاڵانە نەک نەیانتوانیوە پێش بە ورەی خەباتگێڕانی بەبیروباوەڕی حیزبی دێموکرات بگرن، بەڵکوو بەگوڕ و تینی زیاترەوە لە مەیدانی خەباتدا ماونەتەوە و ئەوەی لە دەستیان هاتووە بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتی گەلەکەیان لەپێناو ئازادی و ڕزگاریدا درێغییان نەکردوە. بۆیە جێی خۆیەتی لەم ڕۆژەدا لە بەرانبەر فیداکاری و گیانبازیی ئەو تێکۆشەرانەدا دەستی ڕێز بە سینگمانەوە بنێین و پێیان بڵێین: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە لە هەموو زەحمەتەکانتان دەڕوانێ و ئازارەکانتان بە ئازاری خۆی دەزانێ.
دیارە لە ڕۆژژمێری ڕێکخراوی نەتەیەکگرتوەکانیشدا ڕۆژێک بە ناوی ڕۆژی کەمئەندامان دیاری کراوە کە ئەوەش نیشانەی گرینگیدانی نەتەوە یەکگرتوەکان بەو بەشەی کۆمەڵگەی مرۆییە، بەڵام جیاواز لە کەمئەندامانی ئاسایی کە ڕەنگە زگماک وابووبن، یان لە ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراوی دواتردا بەشێک لە جەستەیان لەدەست دابێ، بەداخەوە لەنێو گەلی ئێمەدا کەم نین ئەو کەسانەی بەدەستی ڕێژیمەکانی زاڵ بەسەر کوردستاندا و لە ئاکامی شەڕی داسەپاو بەسەر کوردستان، یان تەقینەوەی مین و پاشماوەکانی شەڕدا، تووشی کەمئەندامی بوون، کە جێگای خۆیەتی لە هەموو بوارێکەوە ئاوڕی زیاتریان لێبدرێتەوە. بەڵام مخابن کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر ئاوڕ لەو بەشە لە کۆمەڵگەی زیاندیتووی کوردستان ناداتەوە، بەڵکوو سیستماتیک مافەکانیان پێشێل دەکات.
لەم چەند ساڵەی دواییدا و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی)شدا کۆمەڵێک لە لاوانی تێکۆشەری وڵاتەکەمان لە کاتی خۆپیشاندانی سەر شەقامەکان یان لە گرتووخانە و زیندانەکان بە دەستی هێزە بەدناوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەشێک لە جەستەیان و بەتایبەتی چاویان لە دەست دا و بەختی ڕێگای ڕزگاریی گەل و وڵاتەکەیان کرد. ئەوانیش وێڕای هەڵگرتنی برینی قورس، بە شێوازی جۆراوجۆر و تایبەت درێژە بە کار و چالاکیی خۆیان دەدەن. بۆیە لەم ڕۆژەدا هەموومان ڕێز لە فیداکاری و ڕەنج و ئازارەکانی ئەوانیش دەگرین و پێیان دەڵێین برین و ئازاری ئێوەش بە ئێش و برینی خۆمان دەزانین، و پێکەوە و بە هاوکاری و یارمەتیی یەکتر خەباتەکەمان هەتا سەرکەوتنی یەکجاری درێژە پێ دەدەین.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم ڕۆژەدا، -واتە ١٦ی سەرماوەز ڕۆژی کەمئەندامان- بە تێكڕا، ڕێز لە فیداکاری و زەحمەتەکانتان دەگرێ. بێگومان خەبات و خۆڕاگریی ئێوەی ئازیز دەبێتە نموونە و سەرمەشقی لاوانی ئەمڕۆمان، و ئێوەش وەکوو ڕەمزی فیداکاری و خۆڕاگری و قەڵای لەگیران نەهاتووی گەلەکەمان.
بەو هیوایەی ئاکامی خەبات و تێکۆشان و هاوکات زەجر و زەحمەتەکانی ئێوەی خۆڕاگر، ئازادی و ڕزگاریی گەل و وڵاتەکەمان لە ژێردەستی بێ.
ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (٥/١٢/٢٠٢٤)