ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی یەکی دێسامبری ٢٠٢٤ ، ڕێوڕەسمی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، بە بەشداریی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە شاری ستاڤانگەری وڵاتی نۆروێژ، بە هاوبەشیی کۆمیتە ناوچەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی ڕۆگالاند و کۆمەڵەی کولتووریی ڕۆژ بەڕێوە چوو.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد و دواتر پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نوروێژ لەلایەن بەڕێز داریووش ڕەشیدی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لەو ناوچەیە، پێشکەش کرا.
لە پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی نوروێژدا هاتبوو: ناوی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، دوو دەسکەوتی گرینگی کۆماری کوردستانن کە بوونەتە هێمای شوناسی نەتەوەیی و سیمبۆلی خەبات و خۆڕاگریی بۆ ڕزگاریی خاک و نیشتمان.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو کە ڕێژیمی دژەگەلی و کۆلۆنیالیستی ئێرانی، بە ئایدۆلۆژیای دۆگم و دژەمرۆیی، سامان و گیان و ژیانی هاوڵاتییانی بە تاڵان بردووە و لە ڕێگەی تێرۆر و تۆقاندنەوە، هەتا ئێستا درێژەی بە ژیانی نگریسی خۆی داوە.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا بەڕێز ''جەماڵ محەممەد'' ئەندامی دەفتەری سیاسیی یەکیەتیی کوردستانی سووریا و بەرپرسی کۆمەڵەی ڕۆژی کورد لە ناوچەی ڕۆگالاند، وتارێکی پێشکەش کرد.
ناوبراو لە وتارەکەیدا وێڕای گرینگیی تەبایی و یەکگرتوویی هەموو کورد، پەرژایە سەر دۆخی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لەو پێوەندییەدا وتی: جێگای دڵخۆشییە کە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە بۆنەیەکی نەتەوەیی وەکوو ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستاندا کۆ دەبنەوە و شایی و دڵخۆشیی خۆیان لەو ڕۆژە پیرۆزەدا دەردەبڕن.
''جەماڵ محەممەد'' لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا وتی: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە ژێر سێبەری دەوڵەتی خۆسەپێنی ئیسلامی، جگە لە چەوساندنەوە، هیچ شتێک بە نسیبی گەلی کورد نەبووە و بەردەوام ڕێژیمی ئێرانی بە کوشتن و سێدارەدان، هەوڵی داوە گەلان دەستبەرداری مافە ڕەواکانیان بکات.
کۆتا بڕگەی ڕێوڕەسمەکە تایبەت بوو بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداران بەم بۆنە پیرۆزەوە.